پێشکەشکردنی وێنەی ٤٦٢ بەڵگەنامەی عوسمانی

بەڕێز فاخر شێخ تەیب قەیوانی، بەڕێوەبەری بەجێهێنەری کۆمپانیای قەیوان، ئەم دوایییە کۆمەکی پڕۆژەیەکی ئەرشیفیی کرد بۆ بەدەست‌هێنانی بەڵگەنامە سەبارەت بە کورد و کوردستان، ئەویش بە خەرجی‌کێشانی هەوڵێکی بەڕێز هاوار شێخ ڕەئووف، بۆ پەیداکردنی بەڵگەنامەی مێژووییی عوسمانی سەبارەت بە شێخان و ساداتی بەرزنجە لە ئەرشیفەکانی تورکیا. سەردانی ئەو وڵاتە و ئەو هەوڵە خەمخۆرانەیە، سەرەنجام بەدەست‌هێنانی وێنەی ٤٦٢ بەڵگەنامەی ماوە و شوێنی جیاجیای تایبەت بەو مێژووەی لێ‌کەوتەوە. دواجاریش ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠٢٠/١٢/٦، وێنەیەکی ئەو بەڵگەنامانە پێشکەش بە “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” کرا. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی ژین”، لە کاتێک‌دا ئەم دەست‌پێشخەرییە بەرز دەنرخێنێ و بە ئاوڕدانەوەیەکی دڵسۆزانە و جیددی لە لایەنێکی شاراوەی مێژووی گەل و وڵات دادەنێ، لە لایەکی‌ترەوە، بە گەرمی سپاسی ئەو دوو بەڕێزە دەکا و ڕێز لە کارەکەیان دەنێ و هیوادارە ئەم هەنگاوە سەردەقشکێنی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگتر و فراوانتری لەمەودوای ئەم بوارە بێ و خێری زیاتر بۆ کوردەواری بداتەوە؛ هاوکات ببێتە مایەی هاندانی پەرۆشان و دڵسۆزانی‌تری وڵات، تا لەم ڕووەوە درێغێ‌نەکەن و بە کار و پڕۆژەی پەسەند و بایەخداری لەم شێوەیە هاوبەشی لە بنیاتنانی ئەرشیفی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان‌دا بکەن.
شایانی گوتنە، بەڕێز فاخر شێخ تەیب قەیوانی پێشتریش -بە سپاس و پێزانینەوە- هاوکارێکی نزیک و دڵسۆزی “بنکەی ژین” بووە و بایەخی ئەم دەزگایەی وەک کتێبخانە و ئەرشیفێکی کوردیی جێگرتووی گرنگ لە هەرێم زانیوە و لای لێ‌کردووەتەوە. نموونەی هەموو ئەوانە کە بە دەربەستی سامانی کەلەپووری شارستانیی کوردەوەن و لێرەولەوێ خزمەتی‌دەکەن، زۆربێ و سەرکەوتووبن.