مێزگردێکی زانستی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت

ڕۆژی ٦/٣٠ مێزگردێکی نێودەوڵەتی، بە هاوکاریی نزرگەی پیرۆزی عەباسی (العتبة العباسیة المقدسة)، بۆ پسپۆڕانی زانستی بەڵگاندنی بەڵگەنامە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت ڕێک‌خرا. پسپۆڕانی ئەو بوارەی چەند وڵاتێکی عەرەبی بەشدارییان تێدا کرد. بەڕێز جەزا ئەحمەد قادریش بە نوێنەرایەتیی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” بەشداریی تێدا هەبوو و گفت‌وگۆکان دوو سەعات ونیویان خایاند.
نوێنەری بنەی ژین، سەرپۆتێکی سەبارەت بە مێژوو و ئامانج و کار و چالاکی و بەش و بەرهەمەکانی بنکە و نەخشی لە بواری بەڵگاندنی بەڵگەنامە و وێنەگرتنەوەی ئەلکترۆنی‌دا پێشکەش‌کرد. پاشان هاتە سەر باسی پێڕستکردن و هەوڵەکانی بنکەی ژین بۆ دانانی بەرنامە و ڕێ‌وشوێنێکی زانستی بۆ پۆلێنکردن و جوێکردنەوە و ناساندنی بەڵگەنامەکانی خۆی، بە شێوەیەک کە توێژەرەوە و مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندنی بەرز بە ئاسانی دەستیان پێ‌ڕابگا. ئەمەیش بە کەڵک‌وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان.
بەشدارانی‌تری مێزگردەکە سەرسامیی خۆیان نیشان دا لە ئاستی کارە گەورەکانی بنکەدا، کە توانیویە بە تاقمێکی ژمارەکەم و توانایییەکی داراییی کەمەوە و لەم تەمەنە کورتەی خۆی‌دا، بەرهەم و دەسکەوتێکی زانستیی شایان پێکەوەبنێ و پێشکەشی دنیای زانست و زانینی بکا.