كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە دەستنووسەكانی بنەماڵەی شێخ لەتیفی دانساز

‘بنكەی ژین’ سەعات ١٠،٥ی ڕۆژی ٣٠/١٠/٢٠١٠ كۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی بە ئامادەبوونی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن سازكرد، سەبارەت بەوەی وا بنەماڵەی خوالێخۆشبوو شێخ لەتیفی دانساز سەرجەمی كتێبە دەستنووسەكانی خۆیان پێشكەشی (بەشی دەستنووس)ی بنكە كردووە. سەرەتا سدیق ساڵح ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی بنكە، باسی بایەخی دەستنووس‌ و پێویستیی كۆكردنەوە و پاراستنی دەستنووسەكانی كوردستانی كرد، كە بەداخەوە تا ئێستا دەزگایەكی حكوومەتیی بۆ پێك ­نەهێنراوە. پاشان مامۆستا حسێن حەسەن بەرپرسی بەشی دەستنووس هاتە سەر باسی ئەو دەستنووسانە كە ژمارەیان (١١٠) سەدودە دانەیە و كۆنترینیان هیی ساڵی (٧٨١ک/١٣٧٩ز)ە و هەموو بوارەكانی زانستە دینییەكانی ئیسلام ‌و زمانی عەرەبییان گرتووەتەوە. دواتر بەڕێز شێخ باباعەلیی شێخ لەتیفی دانساز لەوە دووا كە بنەماڵەكەیان ئەو دەستنووسانە بە سامانێكی نەتەوەیی دەزانێ و متمانەی بە ‘بنكەی ژین’ هەیە وەك ناوەندێكی خەمخۆری ئەو پڕۆژە نەتەوەیی‌ و نیشتمانییە، تا پێشكەشی بكا بۆ پاراستن‌ و كارلەسەركردن. بنكە بە هیوایە ئەم دەست پێشخەری ‌و هەڵوێستە جوامێرانەیەی ئەم بنەماڵە بەڕێزە، هاندەری ئەو كەس ‌و بنەماڵە و لایەنانە بێ‌ كە دەستنووس شك دەبەن، تا هیممەت بنوێنن ‌و بە هەر شێوەیەك بێ‌ لەو ڕووە هاوكاریی بنكە بكەن.