شاندی ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سەعات دوازدەی دووشەممە ٢٠٢٣/٥/٢٢ شاندێکی ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان ڕەئووف مەحموودپوور، سابیر عەزیزی، عادل محەمەدپوور، کۆرش ئەمینی، ساڵح ڕەسووڵی و د. ئازاد ڕەحیمی، لەگەڵ بەڕێزان مامۆستا ئەیووب ڕۆستەم، ڕاوێژکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەر و د. کوێستان عەلی عەبدوڵا، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، سەریان لە بنکەکەمان دا.
پاش ئەوەی بەڕێوەبەری بنکە کۆمەڵێک زانیاریی سەبارەت بە مێژوو و ئەرک و ئامانج و چالاکییەکانی بنکەی ژین بۆ میوانان ڕوون‌کردەوە، ئەو بەڕێزانە لە نزیکەوە هەموو بەش و یەکەکانیان بینی و ئاگاداری شێوەی کار و چۆنایەتیی هەڵگرتن و پاراستنی کەرەستە کۆکراوەکان بوون، وەک ئەوپەڕی دڵخۆش‌بوون و چاویان بە بینینی کۆکراوە بەنرخەکان ڕوون‌بووەوە، دەستخۆشییان لە کارمەندان و بەڕێوەبەران کرد کە هەردوو لا توانیویانە بە توانایییەکی کەمی مرۆیی و ماددی ئەم تەلارەی نیشانەی شارستانێتی ئاوەدان‌بکەنەوە و خزمەتێکی پێویستی کوردەواری بەجێ‌بهێنن.