سەردانی کۆمەڵگەی پەروەردەییی ناحکوومیی (کورد جینیەس)/٢

قوتابیانی پۆلی شەشەمی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی پەروەردەییی ناحکومیی (کورد جینیەس)/٢ ڕۆژی یەک‌شەممە ٢٠٢٣/١/١٥، لەگەڵ مامۆستایانی دەرسی کوردیی خۆیان بەڕێزان کاڵێ یاسین کەریم و هۆشیار عەلی، سەریان لە بنکەکەمان دا، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک لەبارەی تۆفیق وەهبی‌بەگەوە، هەر لەو ڕۆژەدا کە ساڵ‌ڕۆژی کۆچی یەکجاریی ئەو زاتەیە لە ١٩٨٤دا. پاش جێ‌بەجێ‌کردنی ئەرکی خۆیان، سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، هەندێ قسەی بۆ کردن سەبارەت بە ژیانی قوتابێتی و ئەرکی خوێندن و کۆشش بۆ بەدی‌هێنانی پاشەڕۆژێکی باشی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی و خزمەتکردن و داوای لێ‌کردن ڕەنجی ساڵەهای خۆیان و دایک و باوک و مامۆستاکانیان بەفیڕۆنەدەن و هەوڵ‌بدەن ببنە تاکێکی سوودبەخش و خزمەتکاری گەل و نیشتمان.

پاشان باسی بەهەشتی تۆفیق وەهبیی بۆ کردن، وەک یەکێک لە ڕەمزە دیارەکانی نەوەی یەکەمی ڕۆشنبیرانی کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەم‌دا، کە توانیی “دەستووری زمانی کوردی” بە شێوەیێکی زانستی بنووسێتەوە و ژیانی ئەوەبەدوای خۆی بۆ خزمەتی زمانی کوردی تەرخان‌بکا.