سەردانی پڕۆفیسۆر بوڵەنت بیلمەز

پێش‌نیوەڕۆی چوارشەممە ٢٠٢٣/١/٣١، بەڕێز پڕۆفیسۆر دکتۆر بوڵەنت بیلمەز، مامۆستای فاکەڵتیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و مرۆڤایەتییەکان و ڕاوێژکاری شارەوانیی میترۆپۆڵیتانی ئیستانبووڵ، کە هاتووە بۆ بەشداری لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە “یۆنان و کوردستانی عیراق: ئاڵنگاری و چارەسەرە هاوبەشەکان” و سبەی لە زانکۆی سلێمانی ١/٢ سازدەکرێ، سەری لە بنکەی ژین دا.
پاش بەسەرکردنەوەی هەموو بەشەکانی بنکە، سەرسامی و شادمانیی خۆی بە هەبوونی ئەم کۆکراوە هەمەڕەنگە گەورە و گرنگە دەربڕی و گفتی دا پاش گەڕانەوە، هەم هەوڵ‌بدا هەلی مەشقی زانستی لە یەکەی مشتوماڵدانی دەستنووسی سەر بە شارەوانیی ئەستەمووڵ بۆ کارمەندانی یەکەی مشتوماڵدانی دەستنووسی بنکەکەمان بڕەخسێنێ و هەم کاری هاوبەشی زانستی بۆ زیاتر ناساندنی کۆکراوەکەی بنکەی ژین، کە لە بواری خۆی‌دا بێ‌وێنە و گرانبەهایە، ڕێک‌بخا.
“بنکەی ژین”یش وەک دەزگایێکی ئەرشیفیی زانستی، لای خۆیەوە ئامادەی هەموو هاوکاری و کرانەوەیێکە بەسەر دەرەوەدا، کە دواجار خزمەتێکی گشتی و زانستیی لێ‌بکەوێتەوە.