سەردانی نوێنەرانی ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی ڤەژین

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٣/١/١١ نوێنەرانی “ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی ڤەژین”، بەڕێزان دکتۆر حامید کۆنەپۆشی، محەمەدفاتیح (هیوا) فەدایی و عەدنان ناسری، سەریان لە بنکەی ژین دا و هەموو بەشەکانیان دی و خۆشحاڵ‌بوون بەم دەسکەوتە شارستانییەی کوردەواری و بە شایستەی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکیان زانی.

بەڕێوەبەرانی بنکەکەیشمان لای خۆیانەوە دەست‌خۆشییان لە ناوەندی ڤەژین کرد کە دەستی‌داوەتە کۆمەڵێک پڕۆژەی کولتووریی شارستانی کە بە قازانجی گەشەپێدانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەوێتەوە و نەخشی بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کەلەپووردۆستی و نوێبوونەوەدا دەبێ. پڕۆژەیێک کە ئەو ناوەندە دەستی پێ‌کردووە، نووسینەوە و پیتچنینی ناوەڕۆکی سەرجەمی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانە. ئەم پڕۆژەیە جێگەی بایەخی زۆری بنکەکەمانە و خزمەتێکی گەورە دەگەیێنێ، لەبەرئەوە وەک ئەو بەڕێزانە ڕوویان لێ‌ناین، ئامادەگیمان نیشان دا و وێنەی دیجیتاڵیی (٢٢) بیست‌ودوو گۆڤار و ڕۆژنامەی پێشتر لەچاپدراومان بە دیاری پێشکەش‌کردن، بۆ هاوکاری و سەرخستنی پڕۆژەکە و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنمان بۆ خواستن.