سەردانی قوتابیانی چوار قوتابخانە

ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٦/٢/٩ سەد (١٠٠) قوتابیی پۆلەکانی دەیەم و یازدەیەمی زانستیی “دواناوەندیی تێکەڵی شەهید جەبار” و ٩٣ نەوەدوسێ قوتابیی پۆلی دوازدەیەمی زانستیی “ئامادەییی ئاگری‌داغ” و ٢٠ بیست قوتابیی پۆلی چوارەمی “قوتابخانەی نێودەوڵەتیی ناحکوومیی سیدەرس” و قوتابیانی پۆلی دەیەمی زانستیی “ئامادەییی سەیران میرزا مەحموودی کچان”، لەگەڵ مامۆستایانی بەڕێزیان و لە چوارچێوەی گەشتی زانستییان‌دا، لە چوار وادەی جیاوازدا و بە چەند کۆمەڵێکی بەرودوا، سەریان لە بنکەکەمان دا.
سەرەتا باسێکی گشتیی ئامانج و ئەرک و چالاکییەکانی “ژین”یان وەک ئەرشیفێکی کوردستانی بۆ کرا. دواتر بەشەکانی “مۆزەخانەی چاپ لە سلێمانی”، “کتێبخانەی ناوەندی”، “هۆڵی ڕۆژنامەوانی” و “پیشانگەی فۆتۆ ڕەفیق”یان لەگەڵ بەسەرکرایەوە و زانیاریی پێویستیان لەبارەیانەوە بۆ ڕوون‌کرایەوە.
بنکەی ژین، لەو ڕوانگەیەوە کە کولتوور نەخشێکی گرنگی لە هۆشیارکردنەوە و یەکخستنی کۆمەڵ‌دا هەیە، لای خۆیەوە ئەم نەریتەی بەسەرکردنەوەی ناوەندە کولتووری و ڕۆشنبیری و زانستییەکان لە لایەن خەڵک بەگشتی و قوتابیان و خوێندکارانی پەروەردە و زانکۆکانەوە بەتایبەتی، بە هەنگاوێکی شارستانییانە و پێشکەوتوو دەزانێ و پێی‌شادمانە و هیوادارە درێژەی پێ‌بدرێ و مەبەست و ئامانجەکانی زیاتر لای هەمووان قووڵ‌بکرێنەوە.