سەردانی قوتابیانی قوتابخانەی سیروان

بەیانیی یەک‌شەممە ٢٠٢٢/١١/٢٧قوتابیانی پۆلی هەشتەمی قوتابخانەی بنەڕەتیی سیروانی کوڕان، لەگەڵ سێ مامۆستای بەڕێزی خۆیان، لە چوارچێوەی گەشتێکی زانستی‌دا، سەریان لە “بنکەی ژین” دا. سەرەتا سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، زۆری قسە بۆ کردن؛ لەوانە بایەخی زۆری کتێب و خوێندنەوەی وەک پێویستییەکی ژیان و بوارێکی هەر گرنگی فێربوون و تێگەیشتن بۆ ڕوون‌کردنەوە و پێی‌ڕاگەیاندن کە کتێب هاوڕێیەکی بێ‌زیان و یەکجار سوودبەخشی مرۆڤە و ڕایسپاردن لەپاڵ کۆششی ڕۆژانەی خۆیان و خەریکبوونیان‌دا بە خوێندنی قوتابخانەوە، فێری کتێب خوێندنەوە ببن و ئاسۆی بیر و زانیارییان فراوان‌بکەن. پێی‌وتن: نابێ بیرتان‌بچێ کە ئێوە نەوەی دواڕۆژن و هەم خێزان و هەم حکوومەت خەرجییەکی زۆرتان بۆ دەکێشن تا خوێندن تەواودەکەن، بۆیە ڕەوای هەق نییە سەرەنجام نائومێدیان‌بکەن. ئەمجا باسی ئەم دەزگایەی بۆ کردن کە هەوڵێکی زانستیی خاوێنە بۆ بنیاتنانی یادەوەرییەکی کوردی و دروستکردنی پشت‌ئەستووری و شانازی لای لاوان بە کۆکردنەوە و پاراستن و زیندووکردنەوەی کەلەپووری ماددیی نووسراوی کوردەواری. پاشان “مۆزەخانەی چاپ” و بەشەکانی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی کتێبخانە و پیشانگەی کەرەستەی فۆلکلۆری و مێژووییی پێ بەسەرکردنەوە.