سەردانی شاندی زانکۆی جیهان

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦/ ١٢/ ٢٠١٨ شاندێکی زانکۆی جیهان لە سلێمانی، کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان دکتۆر ئومێد ڕەفیق فەتاح، سەرۆکی زانکۆ و دکتۆر ئارام عومەر محێدین ڕاوێژکاری ئەمیندارانی زانکۆکە، سەریان لە بنکەی ژین دا. شاندەکە، هەموو بەشەکانی بنکەی بینی و کاروباریان ڕوون‌کرایەوە. پاشان هەردوولا لە دانیشتنێکدا لەسەر ئەوە ڕێک‌کەوتن کە ئاستی پێوەندییەکانیان بخەنە چوارچێوەی نووسراوی لێک‌تێگەیشتن و وەک بەڵگەیەکی ڕەسمی ئیمزای بکەن. هەردوو لا هاودەنگ‌بوون لەسەر هەوڵدان بۆ دامەزراندنی “ناوەندێکی هاوبەشی لێکۆڵینەوەی عوسمانی” و پێگەیاندنی پسپۆڕی تورکیی عوسمانیزان بە کردنەوەی خولی شەش‌مانگە یا یەک‌ساڵی بۆ مەشق و فێربوونی تورکیی عوسمانی. هەروەها پێک‌هاتن لە هەوڵدابن بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەکانی تایبەت بە ویلایەتی مووسڵ (کوردستانی عێراق)، بەو پێیە کە ئەم ویلایەتە مێژوویەکی درێژی چەندسەد ساڵەی حوکمی دەوڵەتی عوسمانیی بە خۆوە دیوە و خۆشبەختانە بەڵگەنامەکانی ئەو دەورانە لە ئەرشیفەکانی تورکیادا پارێزراو و بەردەستن. دواجار بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی پێوەندی و خاڵەکانی قسەیان لەبارەوە کرا، پێک‌بهێنرێ.