سەردانی بەڕێز دکتۆر عەبدولحسێن شەعبان

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٢/٥/٢٥ بەڕێز دکتۆر عەبدولحسێن شەعبان، ڕۆشنبیر و نووسەری گەورەی عیراقی، بە بانگهێشتی بەڕێز دکتۆر سەڵاح عەزیز، سەری لە بنکەی ژین دا. بەڕێزیان لەگەڵ سەرۆکی بنکە بەشەکانی بنکەیان بەسەرکردەوە و هەموو ڕاستی و زانیارییەکی پێویستی بۆ خرایەڕوو. پاشان لە دانیشتنێک‌دا سەرسامیی خۆی دەرهەق بەم کۆکراوە گرانبەهایەی بنکەی ژین نیشان دا و گفتی دا هەرچییەکی لە ڕووی دامەزراندنی پێوەندیی دەرەکی و هاوکارییەوە پێ‌بکرێ بۆ سەرخستنی پڕۆژە شارستانی و گرنگەکانی ئەم دەزگایە، درێغی‌ناکا و لە هەوڵی جیددی‌دا بێ.
جێگەی باسە، دکتۆر عەبدولحسێن شەعبان، ئەکادیمی و بیرمەندێکی چەپی عیراقییە، ١٩٤٥ لە شاری پیرۆزی نەجەف لەدایک‌بووە. کۆلیجی ئابووری و زانستی سیاسیی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و دکتۆرای زانستی قانوونی لە ئەکادیمیای زانستیی چیکۆسلۆڤاکی وەرگرتووە. لە ساڵانی هەشتاوە بەشداریی لە تازەکردنەوە و گۆڕین و ڕەخنەگرتن لە ڕێبازی چەپ و سۆشیالیستی‌دا هەبووە و دانراو و کتێبە هەمەجۆرەکانی، تایبەتن بە مەسەلەکانی نوێخوازی و دیموکراسی و چاکسازی و کۆمەڵی مەدەنی و مافی مرۆڤ. شارەزاییی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و قانوونی نێودەوڵەتان و نووسینەوەی دەستووردا هەیە و مامۆستای زانکۆ و جێگری سەرۆکی “جامعة اللاعنف وحقوق الانسان في العالم العربي- بیروت”ە. هەروەها باوەڕێکی تەواوی بە ناچاری و پێویستیی گفتوگۆ و لێکترنزیکبوونەوەی ڕۆشنبیرانی کورد و عەرەب و تورک و فارسە، لە پێناوی لێک‌حاڵیبوون و ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی ئەم ناوچەیەدا. بەڕێزیان ئەندامی کۆمەڵێک لیژنە و یەکێتی و دەستەی زانستی و قانوونی بووە. پتر لە ٣٠ سی بەرهەمی دانراو و بەشداریی لە ئامادەکردن و بەرهەم‌هێنانی ١١ کتێبی‌تریش‌دا هەیە. شەش خەڵاتی ڕێزلێنانیشی پێ‌بەخشراوە.