نیوەڕۆی یەکشەمە ٢٠٢٦/٢/١٥ شاندێکی پەروەردەی ڕۆژاوا، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان خاتوو بەناز ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژاوا و یاوەرانی، سەری لە بنکەکەمان دا. سەرەتا بەڕێوەبەری ژین قسەی سەبارەت بە ئامانج و ئەرک و چالاکییەکانی دەزگاکەمان بۆ کردن و شادمانیی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی نیشان دا بۆ پێشوازی لە هاتن و سەردانی مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکان و هاوکارییان بۆ دابینکردنی سەرچاوە و زانیاری. بەڕێز بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژاوایش جگە لە دەستخۆشیی بۆ ئەو هەوڵانە کە دراون بۆ پەیداکردن و پارێزگاریی ئەم کۆکراوانە، داوای هاوکاریی کرد بۆ ڕێنوێنیی مامۆستایان و قوتابیان و پاراستنی لەمەودوای نموونەی بڵاوکراوە و بەرهەمی نووسینی لەچاپدراویان لە بنکەی ژین.
پاشان هەموو یەکە و بەشەکانیان لەگەڵ بەسەرکرایەوە و زانیاریی پێویستیان لەبارەیانەوە بۆ ڕوونکرایەوە. شاندەکە، بەگشتی، خۆشحاڵبوو بەم دەسکەوتە گرنگەی کوردەواری و بە گەنجینەیەکی گرانبەهای ئەژمارد.
ئێمەیش -وەک “بنکەی ژین”- مەسەلەی پێوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە بە هەنگاوێکی گرنگ و پێویستییەکی ناچاری دەزانین و پێمان وایە ڕێگەیێکی پەروەردەکردنی نیشتمانیی منداڵانمان، ئاشناکردنیانە بە جوانییەکانی ڕابوردوو و بەستنەوەیانە بە کارە کولتووری و ژیارییەکانەوە و بەشداریپێکردنیانە لە بنیاتنانی یادەوەرییەکی هاوبەشی دەستەجەمعیدا کە هەموومان پێکەوە کۆبکاتەوە و نەخشی لە دروستکردنی تاکێکی دروست و ژیر و متمانەبەخۆکردووی کۆمەڵدا هەبێ.