سەد ژمارەی هەوەڵی ڕۆژنامەی زەورا (الزوراء)یش بەڕێوەیە

ساڵی ٢٠٢٠ پێمان زانی کە زانای گەورەی خودابەخشیو دکتۆر عیماد عەبدوسەلام ڕەئووف، سەد ژمارەی هەوەڵی ڕۆژنامەی گرانبەهای زەورا (الزوراء)ی بە لێکۆڵینەوەیێکی فراوانەوە ئامادەکردووە بۆ چاپ. جا بەوپێیە کە بەڕێزیان ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤاری ساڵانەی “ژین” و هاوکارێکی بنکەکەمان بوو، بە خۆشحاڵییەوە قایل‌بوو ئەو کارە بە “بنکەی ژین” بسپێرێ. ئیتر ئێمەیش دوو کارمەندی شارەزامان بۆ ماوەی پتر لە ساڵێک تەرخان‌کرد بۆ خاوێنکردنەوەی کۆمپیووتەریی لاپەڕەکان، کە بە حوکمی ئەوەی وێنەی لاپەڕەی ئەسڵی نەبوون و زۆر ڕەش‌باو و شێواو بوون، ئەرکێکی زۆریان کێشا تا -هەرچۆنێک بووە- پاک‌کرانەوە و ڕێک‌خران و وایان لێ‌کرا بە کەڵکی ئەوە بێن جارێکی‌تر لەچاپ‌بدرێنەوە؛ ئەگەرچی هەوڵێکی بێ‌پسانەوەمان دا بۆ پەیداکردنی نوسخەی پاکتریشی و سەرکەوتوونەبووین. سەرەنجام بەم شێوەیەی ئێستەی ئامادەکرا.
بەڵام لەچاپدانی لە کێشی دۆخی ماڵیی ئەمڕۆی بنکەکەمان‌دا نەبوو، “کتێبخانەی تەفسیر” -بە سوپاسەوە- ئامادەگیی نیشان دا لە چوارچێوەی پڕۆژەیێکی هاوبەشی هەردوو لا‌دا لەچاپی‌بدا. ئەم بەرهەمە نوێیەیش یەکێکی‌تر دەبێ لەو کتێبانە کە بنکەی ژین ئەم مانگە لە “پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێب”ی ئەم‌ساڵ لە سلێمانی بڵاوی‌دەکاتەوە. ئەم کتێبەیش لە کاتێک‌دا بڵاودەبێتەوە کە بەداخەوە بەهەشتی دکتۆر عیماد عەبدوسەلام -یادی بەخێر- لەناومان‌دا نییە. هیوامانە لەمەودوا بتوانین درێژە بەم پڕۆژە گرنگە بدەین.خوێندەوارانیش ڕادەسپێرین خۆیان لەم سەرچاوە گرنگە بێ‌بەش‌نەکەن.