سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی یەکشەممە، ٢٠٢٦/١/١١، بنکەی ژین و زانکۆی سلێمانی، لە چوارچێوەی نووسراوی لێکتێگەیشتنی ئیمزاکراوی نێوانیاندا، سیمینارێکیان سەبارەت بە “ئەرشیف، توێژینەوەی ئەکادیمی، سیاسەت و دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە” لە هۆڵێکی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سلێمانی بۆ بەڕێز دکتۆر سەعد بەشیر ئەسکەندەر سازکرد، ٣٠ مامۆستا و خوێندکاری ماستەری بەشەکانی شوێنەوار، یاسا، زانستی سیاسی و مێژوو بەشدارییان تێدا کرد.
کۆڕەکە بەڕێز دکتۆر کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆیش ئامادەیبوو. سەرەتا سدیق ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری بنکەی ژین، ئاماژەی بە سیمینارەکە دا و لە کار و چالاکییەکی پێشتری دکتۆر سەعد بەشیر دووا. پاشان بەڕێز د. تریفە عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانکۆ، بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد و داوایکرد بەڕێز سەرۆکی زانکۆ بفەرموێ زرێ (درع)ی ڕێزلێنانی زانکۆی ببەخشێتە دکتۆر سەعد و پێیبەخشرا. پاشان دکتۆر سەعد لە ماوەی پتر لە سەعاتێکدا بابەتەکەی خۆیی پێشکەشکرد و پاش وچانێکی پشوودان، گفتوگۆ و پرسیاری تایبەت بە باسەکە بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەعاتی خایاند و چەند بەڕێزێک قسەیان تێدا کرد. لە کۆتاییدا بڕوانامەی بەشداری بەسەر بەشداراندا دابەشکرا.


