سیمینارێکی تایبەت بە مێژووی زارەکی

سەعات ٥,٩ی پێش‌نیوەڕۆی چوراشەممە ٢٠٢٥/٩/٣ سیمینارێکی تایبەت لە ژووری کۆبوونەوەی بنکەکەمان بۆ بەڕێزان دکتۆر سامان حسێن، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، ڕێک‌خرا.
کۆڕەکە، نوێنەرانی “دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی” و “نووسراودانی وشە” ئامادەی‌بوون. سەرەتا سدیق ساڵح باسی هەوڵەکانی پێشتری م. عەبدوڕەقیب یووسفی بە کردەوە و بە نووسینی کتێبی “بانگەوازێک بۆ ڕووناکبیرانی کورد” کرد و پاشان هاتە سەر هەوڵە سەرنەگرتووەکانی ژین لەگەڵ “بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوان” و “زانکۆی سلێمانی” و “ناوەندی ڕۆشنبیریی دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ” بۆ بایەخ‌پێدان و خۆتەرخانکردن بۆ تۆمارکردنی بیرەوەری و مێژووی زارەکی و هەوڵەکانی “ژین”یش لە ‘یەکەی لەچاپدان و لێکۆڵینەوە’دا. ئەمجا باسی هەم خاڵەکانی جیاوازی و بایەخی هەریەکە لە بەڵگەنامە و مێژووی زارەکی و هەم هەنگاوەکانی تۆمارکردنی مێژووی زارەکیی کرد.
دوابەدوای ئەو، دکتۆر سامان مێژووی بایەخدان بەم مەیدانە گرنگەی مێژووی لە ئەوروپا و ڕۆژاوا بەگشتی هێنایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە مێژوونووسیی کوردی -کەم‌وزۆر- تێز و کەرەستەکانی ڕۆژاوای دووپات‌کردووەتەوە و هەوڵی‌نەداوە -لەم نەبوونییەی سەرچاوەی بەڵگەنامەی خۆماڵی‌دا- کەڵک لە مێژووی زارەکی وەربگرێ بۆ نووسینەوە و بەرهەم‌هێنانی مێژوویەکی دروستی کوردی. بەڵگەنامەیشی -لە زۆربەی حاڵەت‌دا- بە نوێنەرەوەی بۆچوون و زانیاریی دەرەکی و ئەوانی‌تری غەیرەکورد لەسەر کورد دانا کە نەیتوانیوە ڕووی ڕاستی مەسەلەکان نیشان‌بدا، لە کاتێک‌دا مێژووە زارەکییە ڕاستەقینە و متمانەپێکراوەکەی خۆمان هەروا لە بیر و زەین و سینەی مرۆڤەکانمان‌دا بە دەست‌لێنەدراوی و پاک‌وپوختی ماوەتەوە! بەوپێیە بەڵگەنامەی بەبێ پشتیوانیی مێژووی زارەکی، بە جەستەیێکی ڕەق‌وتەقی بێ‌گیان شوبهاند، کە ناتوانێ باری ڕاستی ڕووداوەکان و شتەکان و بابەتەکان بخاتە بەرچاو. بە ڕای بەڕێزیان، کات زۆر درەنگە و ڕووکردنە تۆمارکردنی مێژووی زارەکی پێویستییەکی ناچاری و لەدواخستن‌نەهاتووە و کاری دەستەجەمعی و هەمەلایەنەی هەمووانی لە گشت ئاستەکان‌دا گەرەکە.

جێگەی باسە، بنکەی ژین، سەرباری کارە پەرش‌وبڵاوەکانی پێشتری لە بواری تۆمارکردنی مێژووی زارەکی‌دا، بڕیاری‌داوە ئەمەودوا لە چوارچێوەی هەمان پڕۆژەدا “بەشی تۆمارکردنی مێژووی زارەکی” لە ‘یەکەی لەچاپدان و لێکۆڵینەوە’ بە فەرمی ئاشکرابکا و بەڕێوەبردنی بسپێرێ بە بەڕێز دکتۆر سامان حسێن، بەو هیوایە کە -هەرچەند بە توانایییەکی کەمی ماددی و مرۆییش بێ- بەشدارییەکی دڵسۆزانەی لە ڕزگارکردنی -هیچ نەبێ- بەشێکی کەمی ئەم گەنجینە گرانبەهایەی کوردەواری‌دا هەبێ.
کاری هەمووان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی خزمەتکردنی نیشتمان ڕاست بێ.