سنجەقی سلێمانی ١٨٧٩-١٩١٨لە تێزیکی دکتۆرای زانکۆی ئەستەمووڵ‌دا

بەڕێز سامان مستەفا ڕەشید، مامۆستای ئامادەییی شەهید دانا لە پەروەردەی شارەزووری پارێزگای سلێمانی، پاش پێنج ساڵ خوێندن و کارکردن و کنە و پشکنینی لێبڕاوانە و دڵسۆزانەی ناو ئەرشیفی عوسمانی و کتێبخانەکانی ئەستەمووڵ و ئامادەکردنی تێزی دکتۆراکەی بە ناونیشانی “بنیاتی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی – ئابووریی سنجەقی سلێمانی لە ١٨٧٩-١٩١٨دا”، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٣/٩/٢٠، تێزەکەی پاش گفتوگۆیێکی گەرم و هەمەلایەنە و هەڵسەنگاندن، بە کۆی دەنگ و بەبێ هیچ دەستکارییەک قبووڵ‌کرا و بڕوانامەی دکتۆرای پێ‌بەخشرا.
هەرچەندە مامۆستایانی بەشداری گفتوگۆکان، سەرباری پەسەندکردنی تێزەکە، جەختیان‌کردەوە کە ئەم کارە بۆشایییەکی دیاری میژووی بۆ تورکیا لە بواری ئەکادیمی‌دا پڕکردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کات‌دا بۆ ئێمەیش وەک کورد بایەخەکەی گەلێک زیاترە، بەتایبەت کە ڕووناکی خستنە سەر بەشێکی نادیاری قۆناغێکی گرنگی مێژوومانە، واتە ماوەی نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم (دوای کۆتایی‌هێنان بە حوکمی خۆجێییی میرایەتییە کوردییەکان) تا پێچرانەوەی حوکمی عوسمانی لە ویلایەتی مووسڵ (کوردستانی باشوور) لە ١٩١٨دا، کە زانیاریمان لەبارەیەوە یەکجار کەمە و تا ئێستە شتێکی ئەوتۆی لەو ڕووەوە لەسەر نەنووسراوە.
ئەمە یەکەمین جاریشە تێزێکی دکتۆرا بە زمانی تورکی لەسەر سەنجەقی سلێمانی لە زانکۆی ئەستەمووڵ و زانکۆکانی تورکیا بنووسرێ. ئەم تێزە لێکۆڵینەوەیەکی چروپڕی بەڵگەنامەیییە سەبارەت بە مێژووی ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئابووریی سلێمانی، لەبەر ڕۆشناییی بەڵگەنامەی ئەرشیفەکانی عوسمانی و ئینگلیزی و سەرچاوە فەرمییەکانی دەوڵەتی عوسمانی‌دا نووسراوە. لێکۆڵینەوەکە چەندین لایەنی شاردراوەی ژیانی ئیداری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خوێندن و بنیایی ئایینی و کەمایەتییە ئایینییەکان و دۆخی ئابووری (کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، بەروبوومی ئاژەڵی، چەک دروستکردن و بازرگانیی سلێمانی)ی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم‌دا، بە بەڵگەی مێژوویی تێدا ڕوون و ساغ کراوەتەوە.
دوایین بەشی تێزەکەیش تەرخانە بۆ لێکۆڵینەوە لە ژیان و بەرهەم و ڕۆڵی کولتووری و ئیداری و سەربازیی چەندین کەسێتیی سلێمانی لە دەوڵەتی عوسمانی‌دا. ژیاننامەی ئەو کەسێتییانە لە تۆماری فەرمیی دەوڵەت دەرهێنراوە و دەستنووس و کتیبە چاپکراوەکانیان لە ئەرشیف و کتێبخانەکانی ئەستەمووڵ دۆزراونەتەوە و ناسێندراون و هەڵسەنگێندراون.
“بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین”، کە کەم‌وزۆر هەنگاو بە هەنگاو ئاگاداری قۆناغەکانی بەرهەم‌هێنانی ئەم تێزە زانستییە گرنگەیە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە مامۆستا سامان مستەفا ڕەشید دەکا و شادمانە کە بەڕێزیان توانیویە ببێتە مایەی هەم ڕووناککردنەوەی بەشێکی تاریکی ئەو مێژووە پشتبەستوو بە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی دەوڵەمەندی عوسمانی و هەم پڕکردنەوەی کەلێنێکی گەورەی مێژووی شاری سلێمانیش. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی و کاری‌تری زانستی بۆ دکتۆر سامان دەخوازین، سەرفرازبێ.