ساڵیادی کۆچی‌دواییی خودابەخشیو محەممەد سەعید میرزا مەحموود

ڕۆژی ٩ /٧ /٢٠١٩ یەکەم ساڵیادی کۆچی‌دواییی خودابەخشیو کاکە محەممەد سەعیدی میرزا مەحموودە، کە پار پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی لە شاری لەندەن ماڵئاواییی لە ژیان کرد. کاکەحەمە دۆست و پشتیوان و هاوکاری بنکەی ژین بوو. خۆی لە ژیاندا بوو کە کۆکراوەی کتێبەکانیی پێشکەشی بەشی کتێبخانە کرد و ئەوراقی وەزیفیی خۆیشی پاشتر سپارد بە بەشی بەڵگەنامەی بنکە. کاکەحەمە خۆی بیرەوەرییەکانیی بە کوردی و عەرەبی نووسیوەتەوە و بڵاوی کردووەتەوە. چاوگێڕانێکی گشتی بەو بیرەوەرییانەدا، نیشانی دەدا کە ئەم زاتە نموونەیەکی باڵای کاربەدەستی دەست و دەم و داوێن-پاکی ڕاستگۆی بوێری خاوەند پەیامی مرۆدۆستانەی ژیر و زرنگ بووە و لە هەر کوێیەک وەزیفەی حکوومەتیی دیبێ، دڵسۆزانە و شارستانانە و بەبێ جیاوازی خزمەتی کردووە و وێنەیەکی هەرەجوانی کاربەدەستی کوردی خستووەتە بەرچاو، بە شێوەیەک کە هەرگیز لەبیرنەچێتەوە. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین شادمانە کە ئەم ساڵانەی دوایی ئەو زاتەی لە نزیکەوە ناسی و هەشت سەعاتێکی لە بیرەوەرییە گرانبەهاکانیی بۆ مێژوو و بۆ یادگار بە ڤیدیۆ تۆمارکرد. کاکەحەمە،لەهەوڵدابوو ئەمەودوا پشتیوانییەکی زۆری ماددی و مەعنەویی دەرەکی بۆ بنکە مسۆگەربکا، بەوپێیە کە بنکەی بە دەسکەوتێکی کەم‌وێنەی نەتەوەیی و ئەرشیفێکی نیشتمانی دەزانی. بەڵام بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا ئەو خەونە نیشتمانییەی بەدی‌بێنێ. دواجار لە ساڵیادی کۆچی کاکەحەمەدا دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی دەنێرین و هیوای سەرفرازی و ئاسوودەیی و سەرکەوتن بۆ بنەماڵە بەڕێزەکەی دەخوازین، یادی بەخێر.