یەکێک لەو سەرچاوە گرنگانە کە خۆشبەختانە پەیداکرا و ئەم ڕۆژانە گەیێندرایە کتێبخانەی بنکەکەمان، زنجیرەکتێبی ١٥ بەرگیی ‘زانستنامەی ئیرانیکا’یە بە زمانی ئینگلیزی، کە یەکێکە لە سەرچاوە زانستییە هەرە متمانەپێکراوەکانی بواری کاری زانستی و ئاکادیمی لە جیهاندا.
زانستنامەکە هەمەلایەنە و سەبارەتە بە مێژوو و ڕۆشنبیری و شارستانێتی گەلانی ئێرانی لە سەدەکانی پێش مێژووەوە تا مێژووی هاوچەرخ و لە بواری خۆیدا لە ئاستێکی بەرزی ئەکادیمی و زانستیدایە. بەوپێیە تەرخانی لێکۆڵینەوەی شارستانێتیی ئێرانییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەوروپا و قەفقاس و ئاسیای ناوین و نیمچەقاڕەی هیندستان. خودابەخشیو دکتۆر ئیحسان یارشاتر ئەم پڕۆژەیەی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دامەزراندووە و ساڵی ١٩٧٣ش لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئێرانیی ئەو زانکۆیەوە دەستی پێکردووە.
جێگەی باسە، ئیحسان یارشاتر (٣/٤/١٩٢٠ هەمەدان-٢/٩/٢٠١٨ کالیفۆرنیا) لە زانکۆی تاران و سواسی زانکۆی لەندەن خوێندوویە و دکتۆرای لە زمان و ئەدەبیاتی فارسی وەرگرتووە. ئوستادی زانکۆ و توێژەرەوە و دامەزرێنەری -پێشتر- ‘زانستنامەی ئێران و ئیسلام’ و -دواتر- ئەم ‘زانستنامەی ئیرانیکا’یەیە. سەرپەرشتی زانستیی بەرگی سێیەمی ‘مێژووی ئێران’ی زانکۆی کامبریج و سەرۆکی سەرپەرشتانی زانستیی هەر ١٦ بەرگی کتێبی ‘مێژووی ئەدەبیاتی فارسی’ش بووە. ساڵی ٢٠١٥یش خەڵاتی بێتای بەدەستهێناوە.
لێرەوە بە هەموو توێژەرەوە و لێکۆڵەرەوەیێکی بواری کاری ئەکادیمیی ڕادەگەیێنین کە لە ئێستەوە ئەم سەرچاوە گرانبەهایە بەردەستە بۆ هەمووان.