ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوە (المرکز الأکادیمي للأبحاث)ی سەر بە زانکۆی کووفە کە بەڕێز دکتۆر نەصیر کەعبی بەڕێوەبەریەتی، یەکێکە لە ناوەندە زانستییە هەرە چالاک و پڕبەرهەمەکانی عیراق و لەوەیشدا بەڕێوەبەرەکەی نەخشی بەرچاوی هەیە.
ئەم ناوەندە لەم ساڵانەی دواییدا، جگە لە بایەخدان بە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی نووسەرانی عەرەب، دەستیداوەتە وەرگێڕانی سەرچاوە زانستییەکانی ناوەند و زانکۆ دیارەکانی جیهان و لەم ڕووەیشەوە کۆمەڵێکی زۆرباشی لەو کتێبانە بەچاپ گەیاندووە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٥/٨/١٣ بەڕێز دکتۆر نەصیر ٥٣ کتێبی نوێی لەو بەرهەمانەی دەزگاکەی بە دیاری گەیاندە بنکەکەمان.
بنکەی ژین لە کاتێکدا سوپاسی بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە دەکا، هیوای پێشکەوتن و بەرهەمی زیاتر و بەردەوامییان بۆ دەخوازێ و خوێندەوارانی بەڕێزی کوردیش ڕادەسپێرێ ئەم سەرچاوە گرنگەی زانست و زانیاری لەدەست خۆیان نەدەن.