سەعات ١٠ی تاقی بەیانیی دووشەممە ٢٠٢٥/٦/١٦ بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەری لە بنکەکەمان دا و سەردانەکەی سەعاتێک زیاتری خایاند. سەرەتا و لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کورتەیەکی سەبارەت بە ژین و کار و چالاکی و دەسکەوت و کۆکراوەکانی و چەند کێشە و داوایەکی هەنووکەییشی بۆ باسکرا. ئەمجا بەڕێزیان، سەرباری دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە بنکەی ژین وەک دەسکەوتێکی شارستانیی پاش ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستان، ئامادەگیی خۆی نیشان دا کە هاوکار و پشتیوانی سەرخستنی پڕۆژە و کارەکانی ژین بێ و گفتی پاڵپشتیی بەردەوامی دا بۆ مانەوە و پێشخستن و گەشەپێدانێکی زیاتری ئەم دەزگا ئەرشیفییە گرنگە.
پاشان بەڕێزیان هەموو یەکە و بەشەکانی لەگەڵ بەسەرکرایەوە و لە نزیکەوە چاوی بە کارمەندان و چۆنایەتیی کاریان کەوت و دەستخۆشیی لێکردن و شادمانبوو کە کارێکی وەها گەورە و بنچینەیی لە بواری ئەرشیفی کوردیدا بە توانایییەکی کەمی ماددی و مرۆیی بەئەنجام گەیێندراوە. بەڕێوەبەرانی بنکەکەمانیش -لای خۆیانەوە- سوپاسی بەڕێزیان دەکەن کە ئاوڕی دڵسۆزانەی لە ژین داوەتەوە و کارەکانیی بەرز نرخاندووە.



