تۆمارکردنی پیشەی ونبووی لبادی کوردی و چۆنیەتی دروستکردنی لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس

ڕۆژی شەممە ٢٠٢٣/٩/٣٠ خاتوو ڕێناس حەسەن بابەکر بە هاوکاریی پێشتری بەڕێزان یاد دین و شیروان عەلی‌خان و یارمەتیی ڕاستەوخۆی بەڕێزان فەهد حەربۆ خدر و عەلا عیسا ڕەشۆ، بەرهەمی پڕۆژەیێکی کولتووریی ئەنجامدراوی خۆی بە شێوەیێکی هەمیشەیی لەسەر لادیوارێکی نهۆمی یەکەمی “بنکەی ژین” ڕێک‌خست و نیشان دا.

ئەم پیشانگەیە، کۆمەڵێک نموونەی هەڵبژێردراوی کارێکی لێکۆڵینەوەی مەیدانییە بە ناوی “تۆمارکردنی پیشەی ونبووی لبادی کوردی و چۆنیەتیی دروستکردنی لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس”ەوە، لە چوارچێوەی بەرنامەی زانیاریی ئەو پیشانە کە لەبەردەم مەترسیی لەناوچووندن (EMKP)دا کە مۆزەخانەی بەریتانی و ڕێکخراوی ئەرکەدیا باربووی داراییی دەکەن.

ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، تۆمارکردنی پیشە و تەکنیکی دروستکردنی یەکێک لە هەرە دێرینترین جۆرکانی قوماشە، کە لە بەرگنی بەرخ دروست‌دەکرێ و پیشەیەکە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە. تیپەکە لە ڕێگەی تۆمارکردن و کۆکردنەوەی زانیارییەوە لەگەڵ دواهەمین لبادچی سەلیم عەلی لە باشووری کوردستان، هەوڵی‌داوە بە مێژووی ئەم پیشەیە و مانەوەی‌دا تا ئێستە ڕۆبچێ و تێگەیشتنێکی زانستی و مێژوویی و کولتووریی ئەم پیشەیە بخاتەڕوو.

بۆ کۆمەڵە دێرینەکان، لباد، نەوگ یا کولاڤ (بە کرمانجی)، جۆرە قوماشێکی زۆر گرنگ بووە، بەوپێیە کە تەکنیکی دروستکردنەکەی زۆر پێش دۆزینەوەی تەکنیکی ڕستن و چنین بووە. لەبەرئەوە کەرەستەیەکی سەرەکیی بەکارهێنان بووە، بەتایبەت لە میسۆپۆتامیا، ئەناتۆلیا و چەند ناوچەیەکی ئاسیای ناوەند. لباد وەک کەرەستەیەکی پێوستی ڕۆژانە بەکارهاتووە و لە هەندێک کۆمەڵ‌دا بایەخێکی کولتووری و ئایینیی هەبووە و لە بۆنەکانیان‌دا بەکاریان‌هێناوە.

بە هەمان شێوە، کورد لبادی لە بەرگنی بەرخ دروست‌کردووە و پۆشاک و کەرەستەی ناوماڵی لێ بەرهەم‌هێناوە، تا ئەمڕۆیش درێژەی بەم پیشە دێرینە داوە و بە شێوازە نەریتییەکەی بەرهەمی‌دێنێ. هەندێک لەو بەرهەمە کوردییانەی کە لە لباد دروست‌دەکرێن، بریتین لە لاکێش و ناوجێ، فەرەنجی و پەستەک و کەڕەک و کڵاو، لە کاتێک‌دا بەڕەی لباد و ناوجێ تا ساڵانی حەفتاکانیش لە زۆربەی ماڵە کوردییەکان‌دا بەرچاودەکەوت.

ناسەقامگیری و ململانێ بەردەوامەکانی ناوچەکە و گۆڕانکارییە پیشەسازییەکان لە بەرهەم‌هێنانی قوماش و پۆشاک‌دا، بوونە مایەی بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو کەمبوونەوەی ئەم پیشەیە و بەکارهێنانی لباد. سەرەڕای ئەوەی کە لباد پێگەیەکی مێژوویی و کولتووریی لە ناوچەکانی دامێنی چیاکانی زاگرۆس‌دا هەیە، ئاوڕێکی دڵسۆزانە و زانستییانە لەم پیشە دێرینە و بایەخە مێژوویی و کولتوورییەکەی نەدراوە.

خستنەڕووی ئەم وێنانە هەوڵێکە بۆ تیشک خستنە سەر کارێکی دێرینی پیشەیی، کە هەزارەها ساڵە هێشتا لە کوردستان بەردەوامە و هەیە، بەڵام لە لێواری لەناوچووندایە.

بنکەکەمان کە هەر لە سەرەتاوە ئاگاداری ئەم پڕۆژە کولتوورییە گرنگەیە، لە کاتێک‌دا بەگەرمی دەست‌خۆشی لە خاتوو ڕێناس و هاوکارانی دەکا، پێ‌خۆشحاڵە کە نەخشێکی شارستانییانەی لە جارێکی‌تر بەرچاوخستنەوەی ئەم پیشە کۆنەی کوردەواری‌دا هەبێ.