بەشداریی بنکەی ژین” لە هەفتەی ڕۆشنبیریی سلێمانی‌دا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، ڕۆژانی ٢٥-٣/٣١-٢٠٢١ “هەفتەی ڕۆشنبیریی سلێمانی”ی بە کۆمەڵێک چالاکیی ڕۆشنبیری و هونەرییەوە بەڕێوەبرد. ڕۆژی یەکەم ٣/٢٥ هەریەکە لە ڕەفیق ساڵح، بەڕێوەبەری “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” و سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، بەشدارییان تێدا کرد. یەکەمیان پوختەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی ماوەی ڕابوردووی بنکەوە خستەڕوو. دووەمیشیان بابەتێکی بە ناوی “زمانەکەمان، ناسنامەی نەتەوەییمانە”وە سەبارەت بە مێژووی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی دەستبژاردەی ڕۆشنبیرانی کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە بواری خزمەتکردنی زمانی کوردی‌ و کارەکانیان‌دا پێشکەش‌کرد و پاشان لە بێ‌خزمەتیی زمان لە قۆناغی پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١دا دووا و ئاماژەی بۆ کۆمەڵێک ناتەواویی ئەم مەیدانە و بێ‌خەمیی دەزگا بەرپرسەکانی حکوومەتی هەرێم لەم ڕووەوە و بەتایبەت زانکۆکانی کوردستان کرد، کە مشورخواردنی زمانیان نەکردووەتە ئەرکێکی گەورەی ئەستۆی خۆیان.