ڕۆژی ٢٠٢٢/٩/٢٠ چاپی زۆرترین ژمارەکانی گۆڤاری “کوردستان” (١٨ ژمارە لە کۆی ١٩ ژمارە)، پاش ساڵانێکی کارلەسەرکردن و ڕێکخستن و ئامادەکردن، تەواوبوو. ئەم گۆڤارە کە خودابەخشیو محەمەد میهریی مەردۆخیی سنەیی خاوەندی ئیمتیاز و بەڕێوەبەری بەرپرس و ماوەیەکیش محەمەدشەفیق ئارواسیزادە بەڕێوەبەری نووسینی بووە، گۆڤارێکی -وەک نووسیویە- سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، زانستیی حەفتانەی بیرسەربەخۆ بووە، بەڵام پشت بە چەند بەڵگەیێک، بێگومان پێوەندیی بە جەمعییەتی تەعالیی کوردستانەوە هەبووە. گۆڤارەکە خۆی، کە بە تورکیی عوسمانی و کوردی و عەرەبی دەرچووە و دوو بابەتیشی بە فەڕەنسەیی و فارسی تێدایە، خراپیی شێوەی هەڵگرتن کاری تێکردووە. ئەم گۆڤارە ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح ئامادەیانکردووە و ساغکردنەوەیێکی هەمەلایەنە و پێڕستی ناوەڕۆک لە ٥٦ لاپەڕەدا کە کراونەتە پێشەکیی کتێبەکە، بە ٣٥٢ لاپەڕەی ئا٤ چاپ و بڵاوبووەوە.