بڵاوبوونەوەی کتێبی”سەرۆک‌هۆز و جووتیار لە عیراق ١٩١٧-١٩٥٨”

ئەم ڕۆژانە کتێبی “سەرۆک‌هۆز و جووتیار لە عیراق ١٩١٧-١٩٥٨”، وەک پڕۆژەیێکی هاوبەشی “بنکەی ژین” و “دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان” بڵاوبووەوە. ئەم کتێبە دکتۆرانامەی مێژوونووسی چەپڕۆی فەلەستینی، حەننا بەتاتۆیە، ساڵی ١٩٦٠ گەواهینامەی لە زانکۆی هارڤارد لەسەر وەرگرتووە و تا ئێستە بە ئینگلیزی لەچاپ‌نەدراوە. دکتۆر سادق عەبد عەلی ترێخم لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە عەرەبی، سدیق ساڵحیش لە عەرەبییەوە کردوویە بە کوردی.
گەلێک مێژوونووس و توێژەرەوە کاری لەسەر گرفتی پێوەندیی ئاڵۆزی نێوان جووتیار و سەرۆک‌هۆز لە عیراقی قۆناغی سەردەمی پاشایەتی‌دا کردووە؛ هەندێکیان لێکۆڵینەوەی بابەتی و ئەکادیمین و ئەوانی‌تر بەئایدیۆلۆجی‌کراون یا هاوسۆز و لایەنگرن. بەڵام ئەو دکتۆرانامەیەی حەننا بەتاتۆ لێکۆڵینەوەیەکی پێشەنگی ئەم بوارەیە، لەبەر هەم خەسڵەتی بێ‌لایەنی و بابەتی‌بوونەکەی و هەم پشت‌بەستنی بە تێڕوانینێکی تازە و پێکەوە کۆکردنەوەی میتۆدی کارڵ مارکس و تێڕوانینی ماکس ڤیبەر لە شیکردنەوەی کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتییەکان‌دا، لەوانەیش عیراق.
کتێبەکە لە ١٠ دە باس پێک‌هاتووە و هەموو لایەنەکانی مەسەلەی پێوەندیی نێوان سەرۆک‌هۆز و جووتیار و پیاوانی خێڵ و گۆڕانی پێوەندییە خێڵەکییەکان و سیاسەتی هەر یەکە لە کاربەدەستانی ئینگلیز و حکوومەتی عیراقی دەرهەق بەم مەسەلە گرنگە پشتبەستوو بە کۆمەڵێک سەرچاوەی عیراقی خۆی و بە هێنانەوەی ژمارەیێکی زۆری خشتە و ئاماری زانستی، بە وردی تێدا شی‌کراوەتەوە.
ئەم کتێبە بەم ناوەڕۆکە ناوازە و دەوڵەمەندەیەوە، شایانی خوێندنەوەیە.