ئەرشیفی کتێبەکانی پەروەردە

“بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” لەو ڕوانگەیەوە کە هەموو کایەیەکی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، سیاسی، …. ئەم کوردەوارییە، پێویستی بە کۆکردنەوەی کەرەستە و زانیارییەکانیەتی و ئەمڕۆ بکرێ، باشتر و سەرکەوتووترە لە سبەی و کاتێکی درەنگتر؛ لەبەرئەوە لە هەوڵی کۆکردنەوە و دەست‌خستنی هەر کەرەستە و ڕاستییەکی ئەو کایانەیە و شێلگیرانە بۆیان تێ‌دەکۆشێ. ئەوە چەند مانگێکە ژوورێکی تەلارەکەی خۆی تەرخان‌کردووە بۆ ئەرشیفی پەروەردە و بەڕێز مامۆستا حەمەعەلی مەعرووفیش، خۆبەخشانە سەرۆکاریی‌دەکا و بەڕێوەی‌دەبا و خاتوو کەنار عەبدوڵا حەسەنیش هەر بە خۆبەخشی هاوکاریەتی. بنکەی ژین لەو ساڵانەی پێشووەوە توانیویە، بە هاوکاری و بەدەنگەوەهاتنی دڵسۆزانی ئەم بوارە، بڕێکی باش لە کتێبەکانی بەرنامەی خوێندنی قۆناغە جیاجیاکانی خوێندنی قوتابخانەکان هەر لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی عیراقەوە تا ئێستە کۆبکاتەوە، بەڵام هێشتا -وەک دەزانین- نوقسانییەکی بەرچاو لەو کتێبانەی خوێندنی‌دا هەیە. لەبەرئەوە ڕوو لە خوێندەواران و بینەرانی لاپەڕەکەمان دەنێین، وەک لێیان چاوەڕوان‌دەکەین، لەم ڕووەوە ئەوی هەر کتێبێکی خوێندنی تا ڕاپەڕین و تەنانەت تا پێش جێگیربوونی کتێبەکانی بەرنامەی نوێی خوێندنی ئێستە شک‌دەبا، هاوکارمان بێ و پێمان‌ببەخشێ و بفەرموێ لەم ڕێگەیەوە بەشداری لەم پڕۆژە شارستانییەدا بکا. هاوکاریتان نیشانەی خەمخۆرییە بۆ کەلەپووری شارستانیی کوردەواری و هاوبەشیکردنە لەو پڕۆژە مێژوویی و زانستییەدا کە بنکەکەمان ساڵانێکە بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەن و کەسانی بەتەنگەوەهاتووی ئەم وڵاتە دەستی‌داوەتێ و پشت بە خوا و بە هیممەتی مەردانەی هەمووان بە سەرکەوتن دەگا. پێشەکیش بە سوپاس و پێزانینەوە چاوەڕیی هەر دەست‌پێشخەری و هاوکارییەکین.