بنكه‌ى بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، ناوه‌ندێكى ئه‌رشیفیى ناحكوومییه‌، ساڵى 2004 له‌ شارى سلێمانى دامه‌زراوه‌، ته‌رخانى كۆكردنه‌وه‌، پاراستن، ڕێكخستن و زیندووكردنه‌وه‌ى سامانى به‌ڵگه‌نامه‌، ده‌ستنووس، ڕۆژنامه‌گه‌رى و كتێبى تایبه‌ت به‌ كورد و كوردستان و تۆماركردنى مێژووى زاره‌كیى كورده‌وارییه‌. كارده‌كا بۆ؛ هه‌م بنیاتنانى پاشخانى یاده‌وه‌ریى كوردستانیی هه‌موو پێكهاته‌  ئه‌نتی و ئهایینییه‌كانی كورده‌واری له‌و كه‌ره‌سته‌ كۆكراوانه‌ له‌ ڕێى دیجیتاڵكردن و دانانى داتابه‌یز و ئه‌رشیفێكى ئه‌لكترۆنییه‌وه‌، هه‌م هه‌نگاونان بۆ دامه‌زراندنى ده‌زگاى تایبه‌تمه‌ندى پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووس و كتێبخانه‌ى نیشتمانی له‌ هه‌رێمى كوردستان.

 

 تێڕوانینى ستراتیجیى بنكه‌ى بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین

  1. هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى سیستمێكى ئه‌لكترۆنى له‌سه‌ر تۆڕى ئینته‌رنێت (ON LINE) بۆ پاراستنى هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كى كۆكراوه‌ى بنكه‌ و دابینكردنى بۆ توێژه‌ره‌وه‌.
  2. هه‌وڵدان بۆ كردنى بنكه‌ به‌ كانگایه‌كى گه‌وره‌ى ئه‌رشیفى بۆ كۆكردنه‌وه‌ و ڕێكخستنى كتێب، ده‌ستنووس، به‌ڵگه‌نامه‌، گۆڤار و ڕۆژنامه‌ى كوردى، سه‌رچاوه‌كانى كوردناسى و هه‌موو به‌رهه‌مێكى مێژووییى ده‌نگ و ڕه‌نگ. له‌و ڕێیه‌یشه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ هاوكاریى حكوومه‌تى هه‌رێم بۆ دامه‌زراندنى ناوه‌ندى پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووس و كتێبخانه‌ى نیشتمانیى هه‌رێمى كوردستان.
  3. كاركردن بۆ به‌جێهێنانى (پڕۆژه‌ى فه‌رهه‌نگنووسیى كوردى) بۆ ئاماده‌كردنى فراوانترین و هه‌مه‌لایه‌نه‌ترین فه‌رهه‌نگى هه‌موو زاراوه‌كانى زمانى كوردى.
  4. كاركردن بۆ تۆماركردنى (مێژووى زاره‌كى) سه‌باره‌ت به‌ ژیان و ڕووداوه‌كانى ڕابوردووى كوردستان و كردنى به‌ پڕۆژه‌یه‌كى مه‌یدانیى فراوان و به‌رده‌وام.
  5. زیندووكردنه‌وه‌ى یادى وه‌چه‌ى یه‌كه‌مى نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانى كورد و كۆكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى په‌رش‌وبڵاویان و سازكردنى سیمینارى زانستى سه‌باره‌ت به‌ شاكار و چالاكییان.
  6. وه‌رگێڕانى سه‌رچاوه‌ى زانستی سه‌باره‌ت به‌ مێژووى ناوچه‌كه‌ و گه‌لانی دراوسێى كورد.
  7. وه‌رگێڕانى سه‌رچاوه‌كانى كوردناسى و تایبه‌ت به‌ مێژووى ناوچه‌كه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى كتێبخانه‌ و مێژووى كورد و دابینكردنى سه‌رچاوه‌.
  8. هه‌وڵدان بۆ ئه‌رشیفكردنى چالاكیى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى و كۆمه‌ڵایه‌تیى درێژاییى ساڵ له‌ شاره‌كانى هه‌رێمدا و ڕێكخستن و ئاماده‌كردنى به‌ شێوه‌ى نامیلكه‌ى بیبلیۆگرافیایى.
  9. هه‌وڵدان بۆ توندوتۆڵكردنى پێوه‌ندیى ڕۆشنبیرى و زانستى له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانى حكوومى و ناحكوومیى هاومه‌به‌ستدا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق و ده‌ره‌وه‌یدا بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش.
  10. هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ى ناوه‌ندى لێكۆڵینه‌وه‌ى عوسمانى و دابینكردنى سه‌رچاوه‌گه‌لى ڕه‌سه‌ن -به‌ كتێب و به‌ڵگه‌نامه‌وه‌- سه‌باره‌ت به‌ مێژووى ده‌وڵه‌تى عوسمانى.
  11. ئاماده‌كردنی پێڕست (ئیندێكس) و ببلیۆگرافیا بۆ كتێب و ده‌ستنووس و ڕۆژنامه‌وانیی كوردی، وه‌ك ڕێبه‌رێك بۆ چوونه‌وه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ى زانیاری.
  12. بایه‌خدان به‌ سنعاتى كتێب و كاركردن له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانى دیكه‌ى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى كوردستان بۆ دامه‌زراندنى ڕێكخراوێكى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو ده‌زگاكان تا پێكه‌وه‌ پیشه‌ى كتێب-به‌رهه‌مهێنان پێش بخه‌ن و پێشانگا و چالاكیى هاوبه‌ش له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ن.