بنكه‌ى بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، ناوه‌ندێكى ئه‌رشیفیى ناحكوومییه‌، ساڵى 2004 له‌ شارى سلێمانى دامه‌زراوه‌، ته‌رخانى كۆكردنه‌وه‌، پاراستن، ڕێكخستن و زیندووكردنه‌وه‌ى سامانى به‌ڵگه‌نامه‌، ده‌ستنووس، ڕۆژنامه‌گه‌رى و كتێبى تایبه‌ت به‌ كورد و كوردستان و تۆماركردنى مێژووى زاره‌كیى كورده‌وارییه‌. كارده‌كا بۆ؛ هه‌م بنیاتنانى پاشخانى یاده‌وه‌ریى كوردستانیی هه‌موو پێكهاته‌  ئه‌نتی و ئهایینییه‌كانی كورده‌واری له‌و كه‌ره‌سته‌ كۆكراوانه‌ له‌ ڕێى دیجیتاڵكردن و دانانى داتابه‌یز و ئه‌رشیفێكى ئه‌لكترۆنییه‌وه‌، هه‌م هه‌نگاونان بۆ دامه‌زراندنى ده‌زگاى تایبه‌تمه‌ندى پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووس و كتێبخانه‌ى نیشتمانی له‌ هه‌رێمى كوردستان.

 

پێڕەوی ناوخۆی بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین

ماددەی یەکەم: ناو و ناونیشان و ناساندن

١. ناوی ڕێکخراو: لەبەرئەوەی ئەرک و کارەکانی بنکەی ژین (لەمەودوا بنکە) گەورە و فراوان بوون، ناوی بنکە لە “بنکەی ژین بۆ بووژاندنەوەی کەلەپووری بەڵگەنامەیی و رۆژنامەوانیی کوردی”یەوە کە لە یەکەم پێڕە و پڕۆگرام‌دا بڕیاری لێدرابوو (ساڵی ٢٠٠٤)، گۆڕدرا بە “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین”- بە کوردی، مرکز ژین للتوثیق والدراسات- بە عەرەبی،
Zheen Center for Documentation and Research – بە ئینگلیزی. کورتەی ناویشی بەو زمانانە: بنکەی ژین، مرکز ژین، Zheen Centerە.

٢ بنکەی ژین، دەزگایێکی ناحکوومی و ناسیاسیی قازانجنەویستی سەربەخۆیە، کار بۆ بەدی‌هێنانی ئامانجەکانی خۆی دەکا.

٣. دروشمی ڕێکخراو: وێنەیێکی حاجی تۆفیقی پیرەمێردە و کورتەی ناوی (بنکەی ژین) لەژێریدایە.

٤. بنکە بارەگای سەرەکیی لە شاری سلێمانییە و بۆی هەیە پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ، لق لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بکاتەوە. ناونیشانی ئێستەی: عیراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگای سلێمانی، بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، شەقامی ١١ پیرەمەگروون، گەڕەکی ١٠٧ بەرانان، بینای ژمارە ٣٧.

ماددەی دووەم: ئامانجەکان  

١. کۆکردنەوە و پاراستن و زیندووکردنەوە و پێڕستکردنی ئەم کەرەستە ڕۆشنبیرییانەی لای خوارەوە، بە بەکارهێنانی تەکنیکە نوێیەکان:

١. ١. کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی پێوەندیدار بە کوردستان و وڵاتانی دراوسێ.

١. ٢. بەڵگەنامەی کوردی و بیانیی پێوەندیدار بە کوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ، بە شێوەی نووسراوی و وێنەیی و دەنگی و ئەلکترۆنی.

١. ٣. دەستنووس، بەتایبەت پێوەندیدار بە ئەدیبان و مێژوونووسان و ڕۆشنبیران و زانایانی ئایینی کوردستان.

٢. تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژووی زارەکی بەگشتی و بیرەوەریی ئاگادارانی ڕاستیی رووداوەکان بەتایبەتی.

٣. هەوڵدان بۆ:

٣. ١. کۆکردنەوە و ڕێکخستن و لەچاپدانەوەی سەرجەمی بەرهەمی نووسەرانی گەورەی کورد.

٣. ٢. وەرگێڕانی سەرچاوە بیانییەکانی پێوەندیدار بە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی ناوچەکە و گەلانی دراوسێی کورد.

٣. ٣. وەرگێڕانی بەرهەمی ڕۆژهەڵاتناسان و گەڕۆکەکان سەبارەت بە کوردستان و ناوچەکە.

٣. ٤. دانانی بناغەیەک بۆ کتێبخانەی نیشتمانی و ناوەندی بەڵگەنامە و دەستنووسی هەرێمی کوردستان.

٤. بایەخدان بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی لە چوارچێوەی بایەخ و پسپۆڕییەکانی بنکەدا.

٥. پەرەپێدانی پێوەندییە ڕۆشنبیری و زانستییەکان لەگەڵ ناوەند و دەزگا هاوپیشەکانی ناوەوە و دەرەوەی عیراق، لەپێناوی بنیاتنانی پڕۆژەی هاوبەش‌دا بۆ پەرەپێدانی کەرتی کەلەپووری ڕۆشنبیریی مرۆیی لە ئاستی خۆجێیی و جیهانی‌دا.

٦. هەوڵدان بۆ دامەزراندنی بناغەیێکی زانیاری (داتابەیز) بۆ لەخۆگرتنی هەموو زانیارییە کۆکراوەکانی بنکەی ژین، بە دەستنووس و کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار و بەڵگەنامە و کۆکراوەکانی‌ترەوە، بە جۆرێک کە سەرهێڵ (online) بخرێن و بکەونە بەردەستی توێژەرەوە و خوێندکارانی خوێندنی باڵا‌.

ماددەی سێیەم: دەستەی گشتی (لەمەودوا دەستە)

دەستەیێکی خاوەنی بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریی کاروباری بنکەیە و باوەڕی بە کار و ئامانجەکانیەتی، لە (١٥) پازدە ئەندام زیاترنابێ و لەناو خۆیان‌دا سەرۆکێک هەڵدەبژێرن.

ئـ) مافەکانی دەستە:

١. سازدانی کۆبوونەوەی ئاسایی و ناوەخت (استثنائي).

٢. دەتوانێ بە بە ٢\٣ی دەنگەکانی

٢. ١. پێڕەو و پڕۆگرامی بنکە بگۆڕێ.

٢. ٢. بنکە لەگەڵ بنکەیەکی‌تردا یەک‌بخا.

٢. ٣. بنکە هەڵبوەشێنێتەوە.

٣. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن (لەمەودوا ئەنجومەن) و بەڕێوەبەر و جێگرەکەی بە دەنگدانی ئاشکرا، هەر دووساڵ جارێک.

ب) مەرجەکانی ئەندامێتی:

١. تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمترنەبێ.

٢. شان‌وشکۆیەکی باشی کۆمەڵایەتی و کەسێتییەکی متمانەپیکراوی کاریگەری هەبن.

٣. پابەندی پێڕەو و پڕۆگرامی بنکە بێ.

٤. شارەزاییی لە یەکێک یا زیاتری ئەم کاروبارانەی لای خوارەوەدا هەبێ:

٤. ١. مێژووی کورد و دەستنووس و بەڵگەنامە.

٤. ٢. دارایی و ئابووری.

٤. ٣. بەڕێوەبردن بەگشتی و بەڕێوەبردنی دەزگا ڕۆشنبیرییەکان بەتایبەتی.

٥. ئەندامانی دەستەی گشتی، بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، پێشنیازی ناوی ئەندامانی دەستەی گشتی دەکەن و ئەندام بە ٢\٣ی دەنگەکان هەڵدەبژێردرێ.

پ) مافەکانی ئەندامێتی:

١. ڕادەربڕین و ڕەخنە و پێشنیازکردن.

٢. خۆپاڵاوتن بۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن.

٣. بەشداریی کۆبوونەوەکان. ئەو ئەندامانەی دەستە کە هەڵدەبژێردرێن بە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، جگە لە بەڕێوەبەر، بەشداریی کۆبوونەوەکانی دەستە ناکەن.

ت) لەدەستدانی ئەندامێتی:

ئەندام ئەندامێتیی لەدەست‌دەدا

١. لە پێڕەو و پڕۆگرام و ئامانجەکانی بنکە لابدا.

٢. بەبێ هۆ لە سێ کۆبوونەوەی یەک‌لەدوای‌یەک‌دا بەشدارنەبێ.

٣. بە مردن، یا ئارەزوومەندانە بە داوای خۆی.

٤. کاتێک دەستە لەبەر پابەندنەبوونی بە ئەرکە باسکراوەکان، بە ٢\٣ی دەنگەکانی لای‌ببا.

٥. لەدەستدانی لێوەشاوەییی یاسایی.

ج) ئەرکەکانی دەستە:

١. جێ‌بەجێ‌کردنی پڕۆگرام و پێڕەوی ناوخۆ.

٢. بەدیهێنانی ئامانجەکانی بنکە.

٣. پارێزگاریی سەربەخۆییی بنکە.

٤. کارکردن بۆ بەردەوامیی ماددی و مەعنەویی بنکە.

٥. وردبینیی دانیشتن‌نامەکان (المحاضر) و ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەنجومەن.

٦. باوەڕهێنان بە پلانی ساڵانەی ئەنجومەن.

٧. دەست‌نیشانکردنی بەڕێوەبەر بۆ بنکە و و هەر دوو ساڵ جارێک ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەن.

٨. پێداچوونەوە بە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن‌دا و بڕیاردان لەسەری بەپێی پێداویستیی بنکە.

٩. لێکۆڵینەوە و بڕیاردان لەو سکاڵانامەیەی بەڕێوەبەری بنکە کە دژ بە ئەندامێکی ئەنجومەن پێشکەشی‌دەکا، یا بەپێچەوانەوە.

چ) کۆبوونەوەکانی دەستە:

١. داواکردن بۆ کۆبوونەوە.

٢. نووسینی دانیشتن‌نامە (محضر الجلسة).

٣. ئیمزاکردنی دانیشتن‌نامە.

٤. بەدواداچوونی بڕیارەکانی دەستە.

ح) دەستە مافی دەستوەردانە ناو کاروباری ناوخۆی ئەنجومەنی نییە، مەگەر بەڕێوەبەری ئەنجومەن یا ٢\٣ی ئەندامانی ئەنجومەن بە نووسراو داوای لێ‌بکا.

ماددەی چوارەم: ئەنجومەنی بەڕێوەبردن

ئـ) ناساندنی ئەنجومەن: بەرزترین دەسەڵاتی جێ‌بەجێ‌کردنی ئەرکەکانی بنکەیە بۆ بەدی‌هێنانی ئامانجەکان و دابینکردنی پارێزگاری و سەلامەتیی بنکە، بە تەواویش لێ‌دەبڕێ بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بنکە.

ب) ئەندامانی ئەنجومەن: هەر یەکەیان کاروباری یەکە (وحدة)یێکی سەرەکیی بنکەیان دەخرێتە ئەستۆ. یەکە سەرەکییەکانیش ئەوانەن کە ئامانجەکانی بنکە بەدی‌دێنن.

پ) ئەندامان و لێوەشاوەیییان:

١. بەڕێوەبەر:

– شارەزای بواری ئەرشیفکردن و مێژووی کورد بێ.

– شارەزایییەکی بەڕێوەبردنی هەبێ، لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ.

٢. بەرپرسی کتێبخانە:

– بڕوانامەی زانکۆی هەبێ لە بواری کتێبناسی‌دا.

– شارەزایییەک لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ.

٣. بەرپرسی دەستنووس:

– بڕوانامەی زانکۆی هەبێ و پسپۆڕی لە زانستە دینییەکان و زمانی عەرەبی‌دا پەسەندکراوترە.

– شارەزاییی لە زانستە ئایینییەکان‌دا هەبێ.

– ئاگادارییەکی تەواوی لە جیهانی دەستنووس‌ هەبێ.

– شارەزاییی لە ئەدەبی کوردی و دەستنووسی کوردی‌دا هەبێ.

٤. بەرپرسی بەڵگەنامە:

– بڕوانامەی زانکۆی هەبێ لە مێژوو یا شوێنەواردا.

– شارەزایییەک لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەنامە، لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ.

٥. بەرپرسی لەچاپدان و لێکۆڵینەوە:

– بڕوانامەی زانکۆی هەبێ.

– شارەزاییی لە بواری مێژوو و کەلەپووری ڕۆشنبیریی کوردی‌دا هەبێ.

– شارەزاییی لە کاروباری چاپ‌دا لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ.

بەشەکانی‌تری بنکە، وەک: سامانی مرۆیی، ژمێریاری، کارگێڕی، وێنەگرتنەوەی ئەلکترۆنی و مایکرۆفیلم، مشوماڵدانی کەرەستەی ڕۆشنبیری، کاروباری تەکنیکی؛ تێکڕا لە خزمەتی ئەو یەکە سەرەکییانەدا دەبن و دەبێ بەرپرسەکانیان ئەم مەرجانەیان تێدابێ:

١. دارایی:

– بڕوانامەی ژمێریاریی زانکۆی هەبێ.

– شارەزاییی لە بواری کاری حیسابی‌‌دا، لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ.

٢. مشتوماڵدان (صیانة)ی کەرەستەی ڕۆشنبیری:

– بڕوانامەی زانکۆی هەبێ.

– شارەزایییەک لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ لە بواری مشتوماڵدانی ئەو کەرەستانەدا لە تاقیگە.

٣. وێنەگرتنەوەی ئەلکترۆنی و مایکرۆفیلم:

– بڕوانامەی زانکۆی هەبێ.

– شارەزایی لە وێنەگرتنەوە و مایکۆفیلم‌دا لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ.

٤. بەڕێوەبردنی سامانی مرۆیی:

– بڕوانامەی زانکۆی هەبێ.

– شارەزایی لە بەڕێوەبردن‌دا لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ.

٥. کاروباری تەکنیکی:

– بڕوانامەی زانکۆی هەبێ.

– شارەزایی لە بواری کۆمپیووتەر و ئینتەرنێت‌دا، لە پێنج ساڵ کەمترنەبێ.

ت) دەسەڵاتی ئەنجومەن:

١. دیاریکردنی دەسەڵات و وەزیفەی کارمەندان.

٢. دامەزراندن و لابردنی کارمەندان.

٣. باوەڕهێنان بە خەرجییەکان.

٤. دانانی پلانی ساڵانەی یەکە و بەشەکانی بەڕێوەبردن.

٥. پێشنیازکردنی پلانی ساڵانەی خۆی بۆ دەستە.

­٦. بەجێ‌هێنانی جەردی ساڵانە و پێشکەشکردنی بە دەستە.

٧. پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی دارایی بە دەستە.

٨. پێشکەشکردنی موازەنەی ساڵانە بە دەستە.

٩. پێکهێنانی لیژنە بە ٢\٣ی دەنگی ئەنجومەن بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەری هەر گیروگرفتێک.

ج) ڕێکخستنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن:

١. ئەنجومەن مانگانە جارێک کۆدەبێتەوە.

٢. هەر کاتێکیش پێویست‌بکا و بڕیاردانی پەلە لەسەر هەر کار و مەسەلەیەک ناچاری‌‌بێ، کۆدەبێتەوە.

٣. دانیشتن‌نامەی کۆبوونەوەکان دەنووسرێنەوە و بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەن دەکرێ.

چ) پێوەندیی ئەندامانی ئەنجومەن بە دەستەوە: ئەنجومەن بۆی نییە دەست‌وەربداتە کاروباری دەستە و ئەندامانی ئەنجومەنیش، لە ڕێگەی بەڕێوەبەری  ئەنجومەنەوە، یا بە نووسراوی ٢\٣ی ئەندامانی ئەنجومەن نەبێ، بۆیان نییە پێوەندی بە دەستەوە بکەن.

ح) دەسەڵاتی بەڕێوەبەر:

١. نوێنەرایەتیی بنکە لای دەزگا فەرمی و نافەرمییەکان.

٢. سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن.

٣. ئیمزاکردنی نووسراوەکان.

د) جێگری بەڕیوەبەر:

لە ئامادەنەبوونی بەڕێوەبەر‌دا، دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەر وەربگرێ.

ماددەی پێنجەم: سامانی بنکە

١. ناساندنی سامانی بنکە:

١. ١. سامانی جێگیر: ئەوانەن کە بۆ بەکارهێنانیان لە مەودای دووردا کڕدراون و بەزوویی ناکرێنەوە بە پارە، وەک بینا، زەوی، ئوتومبیل، کەلوپەل، ئامێری ئەلکترۆنی، ئامراز، .. هتد.

١. ٢. سامانی دەستاودەست‌پێکراو: ئەوانەن کە چاوەڕوان‌دەکرێ بە ئاسانی بفرۆشرێنەوە، یا دەتوانرێ لە ساڵی داراییی ئێستەدا بازرگانییان پێوەبکرێ، وەک حیسابی بانکی و دراوی و پاشەکەوتکراو (پارەی نەختینە بە دراوی جیاجیای پارێزراو لە بانک یا دەرەوەی‌دا).

١. ٣. سامانی مەعنەوی: دەستنووس و بەڵگەنامە و کەرەستەی یادگاری و کۆکراوەی تایبەتی پێشکەشکراو دەگرێتەوە.

٢. سەرچاوەی داراییی بنکە:

٢. ١. بەخشین (مینحە)ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

٢. ٢. ئابوونەی ئەندامان.

٢. ٣. بەر یارمەتییەکی خەڵک و هەر بەخشینێکی‌تری ناحکوومی.

٣. دیوانی چاودێریی داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وردبینیی دارایی و سامانی بنکە دەکا.

٤. مافی بەکارهێنانی سامانی بنکە:

٤. ١. دەستە دەسەڵاتی بەکارهێنانی سامانی جێگیر (١-١) و سامانی دەستاودەست‌پێکراو (١-٢)ی هەیە، بەپێی داوای ئەنجومەن.

٤. ٢. ئەنجومەن دەسەڵاتی بەکارهێنانی سامانی دەستادەست‌پێکراو (١-٢)ی هەیە.

٤. ٣. لەبەرئەوەی سامانی مەعنەوی (١-٣) موڵکێکی گشتییە، هیچ لایەک (دەستە، ئەنجومەن، یا هیچ کەسێکی‌تر) مافی فرۆشتن یا بەکارهێنانیی بۆ قازانجی ماددی یا مەعنەوی نییە.

٤. ٤. دەتوانرێ موڵکایەتیی سامانی مەعنەوی (١-٣)، بەپێی بەرژەوەندی گشتی و بە ڕاسپێریی دەستە، بە زۆرینەی ٢\٣ی دەنگی ئەندامانی و لە کۆبوونەوەیێکی تایبەت‌دا کە بۆ ئەم مەبەستە سازدەکرێ، بخرێتە سەر دەزگایێکی حکوومەتیی تایبەتمەندی پاراستنی ئەو کەرەستانە، بە مەرجێک ئەو سامانە هەر لە دەستی بنکە‌ی ژین‌دا بمێنێتەوە و سەربەخۆییی بنکەیش بپارێزرێ؛ هاوکات ئەنجومەن ئەرکی هەڵگرتن و مشتوماڵدان و پارێزگاریی ئەو سامانە دەرببا و جەردی ساڵانەی بداتە دەستە.

٤. ٥. ئەنجومەن سامان و موڵکی بنکە بە چەند پاشکۆیەک لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی‌دا ڕێک‌دەخا.

٤. ٦. ئەنجومەن ساڵانە و لە یەکەم ڕۆژی مانگی مارت تێ‌نەپەڕێ، ڕاپۆرت و پاشکۆکان دەخاتە بەردەمی دەستە.

٤. ٧. ڕاپۆرت و پاشکۆکان خەسڵەتێکی تایبەتیان دەبێ و بە ڕەزامەندیی ئەنجومەن یا دەستە نەبێ، ڕێ بە بڵاوکردنەوەیان نادرێ.

٥. ڕێکخستنی کاروباری دارایی:

٥. ١. دەسەڵاتی داراییی دەستە، بە ڕێنماییی دەستە دیاری‌دەکرێ.

٥. ٢. دەسەڵاتی داراییی ئەنجومەن، بە ڕێنماییی دەستە دیاری‌دەکرێ.

٥. ٣. دەسەڵاتی داراییی بەڕێوەبردنی ئەنجومەن، بە ڕێنماییی دەستە دیاری‌دەکرێ.

٥. ٤. دەسەڵاتی داراییی بەرپرسی یەکەکان، بە ڕێنماییی ئەنجومەن دیاری‌دەکرێ.

ماددەی شەشەم: تۆمارەکانی بنکە

ئەم تۆمارانەی بنکە ساڵانە لە فەرمانگەی دادنووس پەسەنددەکرێن:

١. تۆماری ناوی ئەندامان.

٢. تۆماری دانیشتن‌نامە و بڕیاری کۆبوونەوەکان.

٣. تۆماری ژمێریاری.

٤. تۆماری سامان و کەلوپەلی بنکە.

٥. تۆماری نووسراودانی دەرچوو و هاتوو.

ماددەی حەوتەم: سزاکان

١. ئاگادارکردنەوە.

٢. سڕکردن.

٣. دەرکردن.

ماددەی هەشتەم: هەڵوەشاندنەوەی بنکە

١. بنکە بە ٢\٣ی دەنگی ئەندامانی دەستەی گشتی، یا بە بڕیاری دادگا و بە ئاگاداریی وەزیری ناوخۆ هەڵدەوەشێتەوە.

٢. کە بنکە هەڵوەشێندرایەوە، دەخرێتە سەر دەزگایەکی حکوومەتیی تایبەتمەندی پاراستنی ئەم جۆرە کەرەستانە.