بەڕێز فازیل کەریم ساڵح و دەست‌پێشخەریی جوامێرانە

ڕۆژی ٢٠٢٤/٩/١١ بەڕێز فازیل کەریم ساڵح، بەڕێوەبەری ڕێ‌پێدراوی کۆمپانیای پلان، بە هاوڕێیەتیی بەڕێز ئاکۆ محەمەدوەهبی، سەری لە بنکەکەمان دا.
بەڕێزیان لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیی کۆمەڵایەتی و قەدرزانینی پڕۆژەی کۆکردنەوە و پاراستنی ئەرشیفی کوردییەوە، کە بنکەی ژین ساڵانێکە ڕەنجی فەرهادانەی بۆ دەدا، دەست‌پێشخەرییەکی جوامێرانەی نوواند و بڕی ٢٠٠٠٠ بیست هەزار دۆلاری پێشکەشی بنکەکەمان کرد، وەک کۆمەکێکی دڵسۆزانەی کار و چالاکییە فرەلایەن و گەورەکانی و ڕایگەیاند خۆشحاڵە بەم دەسکەوتە شاکارەی کوردەواری و بە ئەرکی خۆی زانیوە ئەم بەشدارییە لەخۆبوردووانەیەی هەبێ. بەڕێوەبەرانی بنکەیش سوپاسێکی گەرمیان کرد و ئەم ئاوڕلێدانەوەیەیان بە پشتیوانییەکی مەعنەویی گەورە و مایەی هاندان بۆ کاری زیاتر دانا. پاشان بەڕێزیان هەموو یەکە و بەشەکانی لە نزیکەوە بینی و لە ڕاستیی کار و فرمانیان ئاگادارکرایەوە.
بنکەی ژین، کە خۆی بە پڕۆژەیێکی دەستەجەمعیی دەستبژاردەی هەرێمی کوردستان دەزانێ، ئەم جۆرە دەست‌پێشخەرییە بە پاڵپشتییەکی بەردەوام دەژمێرێ و بە بەرزی دەینرخێنێ و هیوادارە -پشت بە هەوڵ و یارمەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەن و خەمخۆرێکی کەلەپووری شارستانیی کوردەواری- ئامانجەکانی خۆی بەدی‌بێنێ.