شاندێکی پێکهاتوو لە بەڕێزان: محەمەد فاتیح بابان، سۆز عەبدولقادر بابان، سەفین سیروان بابان و عەبدوڵڵا نامیق بابان، بە نوێنەرایەتیی “میرایەتیی بنەماڵەی بابان”، پێشنیوەڕۆی چوارشەممە ٢٠٢٣/١٠/١١ سەریان لە بنکەکەمان دا.
قسەیان سەبارەت بە ئەرک و ئامانج و کۆکراوەکەی بنکەی ژین بۆ کرا و ئامادەگی نیشاندرا هاوکارییان پێشکەشبکرێ لە هەر ڕوویێکەوە کە پێوەندیی بە مێژووی بابانەوە هەبێ. ئەوانیش -لای خۆیانەوە- بەڵێنی هەموو پشتیوانییەک و بەردەستخستنی هەر بەڵگە و دەستاوێژێکی مێژوویییان دا، بە شێوەیێک کە خێر بۆ هەردوو لا بداتەوە.
شاندەکە هەموو یەکە و بەشەکانی بنکەیان لە نزیکەوە بینی و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی کە توانراوە ئەم کۆکراوەیە بە هیممەت و هاوکاریی هەموو لایەک بەرهەمبهێنرێ و خزمەتێکی گشتیی پێبکرێ.