ڕادیۆی کوردی و پەخشی نوێیان

ڕۆژی ٢٠٢٤/٦/١٠ شاندێکی ڕادیۆی کوردی لە سلێمانی، کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان نازم کەریم سەرحەد، بەڕێوەبەری ڕادیۆ و خاتوو ڕووناک بەکر، سەریان لە بنکەکەمان دا.

شاندەکە سەرەتا ڕوونی‌کردەوە کە ڕادیۆکەیان ڕۆژی ٢٠٢٣/١١/١٩، کە -لەڕاستی‌دا- ڕۆژی یەکەم دەست‌بەکاربوونی ڕادیۆی کوردیی بەغدایە لە ساڵی ١٩٣٩دا، لەسەر شەپۆلی ٩,١٠١ دەست‌بەکاربووە و سەربەخۆیە و بایەخ بە هونەر و کەلتوور و ڕۆشنبیری دەدا و پێویستیی بە هاوکاری و پشتیوانیی هەموو لایێکە. بنکەیش لای خۆیەوە ئامادەگیی نیشان دا بۆ هەموو هاوکاری و یارمەتییەک و لێی‌خواستن کە درێژە بەو ئاڕاستە کەلتوورییەی خۆیان بدەن، کە ئەمڕۆ کوردەواری زیاد لە هەر کاتێکی‌تر، پێویستی پێیەتی.
جێگەی باسە، بەڕێزانی دامەزرێنەری ڕادیۆکە، پێشتر ساڵانێک لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا کاریان‌کردووە و بە شارەزایی و ئەزموونێکی دەوڵەمەندەوە دەستیان‌داوەتە ئەم کارە، لەبەرئەوە لێیان چاوەڕوان‌دەکرێ نموونەیێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش پێشکەشی کوێگرانی کورد بکەن. ئێمەیش لای خۆمانەوە هیواخوازی سەرکەوتن و گەشەکردن و پێشکەوتنی ڕادیۆکەیانین.