پڕۆژەیێک بۆ زیندووکردنەوەی کار و کۆششی باوکی دیپلۆماسییەتی نەتەوەی کورد ژەنەڕاڵ شەریف‌پاشای خەندان

ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٨/٥ بەڕێز هیوا ناسیح (دانیشتووی سویسرا)، بە یاوەریی بەڕێز دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین، سەری لە بنکەکەمان دا.

بەڕێزیان -وەک هاوکارێک – گەڵاڵەنامەی “پڕۆژەیەک بۆ زیندووکردنەوەی کار و کۆششی باوکی دیپلۆماسییەتی نەتەوەی کورد ژەنەڕاڵ شەریف‌‌پاشای خەندان”، ئامادەکراوی بەڕێز دکتۆر جاسم خۆشناو (دانیشتووی ئیتاڵیا)ی پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی بنکەی ژین کرد، کە سەبارەتە بە هەوڵێکی دڵسۆزانە بۆ کۆکردنەوەی هەموو کەلوپەل و نووسراو و شتێکی پێوەندیدار بە شەریف‌پاشا، ئاواکردنەوەی کوردانەی گۆڕەکەی، دروستکردنی پەیکەرێکی لە ئیتاڵیا، دۆزینەوەی دوایین خانووی تێیدا ژیاوە و پاراستن و نوێکردنەوەی، سازکردنی فیستیڤاڵێک لەبارەیەوە و لەچاپدانی کتێبێکی ژیانی تایبەت و سیاسیی بە ئیتاڵیایی، دروستکردنی مەدالیایێکی ڕەمزی بە ناویەوە و بەخشینی بە کەسانی دڵسۆزی بواری خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی، دروستکردنی پەیکەرێکی لە کوردستان و ناونانی شەقام و گۆڕەپان بە ناویەوە، کردنەوەی پەیمانگە یا کۆلیجێک بۆ پێگەیاندنی کادیرانی دیپلۆماسی، ناونانی هۆڵێکی پەرلەمانی هەریمی کوردستان بە ناویەوە، …
بنکەکەمان، ئەم پێشنیازە بە پێویست و گرنگ دەزانێ و پێی‌وایە شەریف‌پاشا زۆر هەڵدەگرێ ناوی زیندووبکرێتەوە و کاری‌وا گەورەی شایستەی بۆ بکرێ؛ لای خۆیشیەوە دەست‌خۆشی لە بەڕێز دکتۆر جاسم و هاوکارانی دەکا و ئەوەندەی پێی‌بکرێ، ئامادەی هەر جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەکە بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە و هیوادارە ئەوانەی وا شتێکیان پێ‌دەکرێ، درێغی‌نەکەن و بێنە پێشەوە، بەشداری ئەم پڕۆژەیە ببن.