هونەرمەند ڤیان مایی و سەردانی بنکەی ژین

ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٥/٢٧ هونەرمەندی بەڕێز خاتوو ڤیان مایی، بە یاوەریی برای شاعیر بەڕێز ساڵح بێچار، سەری لە بنکەکەمان دا. پاش گفتوگۆ و باس‌وخواسێکی زۆر سەبارەت بە ئەرک و ئامانج و کار و چالاکییەکانی بنکەی ژین، هەموو یەکە و بەشەکانی بنکەی لەگەڵ بەسەرکرایەوە و زانیاریی پێویستی لەبارەیانەوە پێ‌درا.
بەڕێزیان شادمان‌بوو بە بینینی ئەم ناوەندە ئەرشیفییە گرنگەی هەرێمی کوردستان و بەو بۆنەیەوە هاردێکی (131GB)ی لە کاری ڤیدیۆییی بەرهەم و چالاکییەکانی خۆی بە دیاری پێشکەشی “بەشی وێنە و دەنگ و ڕەنگ”ی یەکەی “بەڵگەنامە” کرد.
ئێمەیش لای خۆمانەوە سوپاسی‌دەکەین کە بۆ دیارییەکەی و بۆ ئەوەیش کە ئەرکی هاتنی کێشاوە و بە بایەخەوە لە بنکەی ژین دەڕوانێ و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ دەخوازین.