مامۆستا مەلا حیسامەدین قەڵاتی و شاندێک سەریان لە بنکەی ژین دا

پێش‌نیوەڕۆی شەممە ٢٠٢٤/٨/١٠ بەڕێز مامۆستا مەلا حیسامەدین قەڵاتی، زانای ئایینیی ناسراوی وڵاتپەروەر، بە یاوەریی شاندێک کە پێک‌هاتبوو لە ڕێزدار مامۆستا تۆفیق کەریم، سەرۆکی ڕێکخراوی خاڵ و مامۆستایانی زانکۆ بەڕێزان دکتۆر هێمن عومەر خۆشناو، دکتۆر محەمەد عەبدوڵڵا پێنجوێنی و دکتۆر عادل سدیق، سەری لە بنکەی ژین دا.
بەڕێزیان لەمێژە دووراودوور دۆست و پشتیوانێکی مەعنەویی بنکەکەمانە و لەم سەردانەی‌دا شادمان‌بوو کە لەنزیکەوە بەشێکی کۆکراوەکەمانی بینی، بەتایبەت کتێبخانەکەی بەهەشتی شێخ محەمەدی خاڵ و یەکەی دەستنووس.
بەڕێزیان بە حوکمی ئەوەی کە لە بنەماڵەیێکی مەلازادەیە و ساڵانێکی درێژە لەناو دەستنووس‌دا دەژی، وەک فەرموویان، شتی هەرەگرنگ کە لە هەر لێقەومانێکی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١دا پاراستوویە و لێی جوێ‌نەبووەتەوە، دەستنووسەکانیان بووە؛ لەبەر ئەو خۆشەویستی و پێوەندییە کۆنە گیانییەی لەگەڵ دەستنووس، بە ڕادەیێک سەرمەستی دیتنی دەستنووسەکان بوو، کە سەرنجی هەموومانی بەلای خۆی‌دا ڕاکێشا. لەش‌ساغی و تەمەن‌درێژی و سەرکەوتن بۆ بەڕێزیان و میوانانی‌تری بەڕێز دەخوازین، لەپای ئەو خزمەتانە کە هەریەکەیان لە بوارێک‌دا پێشکەشی کوردەواریی دەکەن.


بەڕێوەبەران و کارمەندانی بنکەی ژین، هەرچەندە ئەوەی کە کردوویانە و دەیکەن، بەبێ منەت بەجێ‌هێنانی ئەرکی سەرشانی خۆیانە، هەڵوێستی هاندەرانە و ئەرێنیی ڕێزداران میوانان و سەردانکەران بە پاڵپشتییەکی بەهێز و گوڕوتین دەزانن بۆ درێژەدان بە کار و بەردەوامبوون.