شاندی ڕشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٠٢٤/٦/١١ شاندێکی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێز دکتۆر سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشەکە و بەڕێزانی یاوەری لەو بەشە، سەریان لە بنکەکەمان دا. سەرەتا هەموو یەکە و بەشەکانی بنکەیان لەگەڵ بەسەرکرایەوە و زانیاریی گشتییان لەبارەیانەوە بۆ ڕوون‌کرایەوە.
پاشان دانیشتنێکی دۆستانەیان لەگەڵ کرا و کێشە و کەم‌وکووڕییەکانی ژین و هەوڵەکانی بەڕێوەبەرانی بۆ بەدامەزراوەکردنی و خستنیە سەر ڕێچکەی سەلامەت و ڕاستی خۆی بۆ باس‌کرا و نیشان‌درا کە ژین بە بیرێکی زانستی و شارستانیی کراوە و بەبێ جیاوازی خزمەتێکی خۆڕایی پێشکەشی هەمووان دەکا و چاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەیێکی زیاتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمە، تا ئەم دەزگا گرنگە بەرچاوڕوونتر و دەست‌کراوەتر و هەڵسووڕاوتر کارەکانی خۆی بەجێ‌بهێنێ.
شاندەکە بەوپەڕی پێزانینەوە کار و چالاکی و کۆکراوەکەی بنکەیان بە بەرزی نرخاند و لای خۆیانەوە ئامادەگییان بۆ هەموو بەدەنگەوەهاتن و هاوکارییەک دەربڕی و بەرپرسانی بنکەیش سوپاسی ئەو هەستە دۆستانە دڵسۆزانەیەی شاندەکەیان کرد و هیوایان خواست ئەم دەزگایە وەک موڵکێکی گشتی و گەنجینەی کۆکراوەیێکی نیشتمانی گەشەسەندووتر و پێشکەوتووتر بێ.