سەیید محەمەدفوئاد ئیبراهیمی و بەرهەمەکانی

سەیید محەمەدفوئاد کوڕی سەیید محەمەدناسری ئیبراهمی کە ڕۆشنبیر و مامۆستایەکی زانای کوردی ناوچەی سنەیە، ٢٠٢٤/٩/٢٤ بڕی ١٣٠ کتێب و نامیلکەی دانراوی خۆی پێشکەشی بنکەکەمان کرد.
بەڕێزیان، یەکێکە لە مامۆستا لێهاتووەکانی بواری ڕیازیاتی وڵاتی ئێران و جگە لە بەشداریی لە چەندەها کۆڕ و کۆنفرانسی زانستی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و خولی فێرکردن‌، بەرهەمێکی زۆری نووسینی هەیە کە تا ئێستە ژمارەیان دەگاتە ٤١٩ کتێب و نامیلکە.
سەیید محەمەدفوئاد ساڵی ١٩٥٥ لە دێی سەڵەوات‌ئاوای پارێزگای کوردستان (سنە)، لە خێزانێکی خوێندەواری دیندار هاتووەتە دنیاوە. لە دێیەکەی خۆیان خراوەتە بەر خوێندن و لە سنە دیپلۆمی ڕیازیاتی هێناوە و پاشتر لیسانسی لە زانکۆی ڕازی وەرگرتووە. لە بانە و دیواندەرە و سنە وەزیفەی مامۆستاییی دیوە و دوایین وەزیفەی مامۆستای ڕیازیات و کۆمپیووتەری ناوەندەکانی جێگیرکردنی مامۆستایانی سنە بووە و ساڵی ٢٠٠٧ خانەنشین‌بووە. ئەنجومەنی ڕیازیاتی پارێزگای سنە و دوایی ناوەندی توێژینەوە و ساغکردنەوەی زانستیی سەیید محەمەدفوئادی لە شاری سنە دامەزراندووە.
بنکەی ژین، بەگەرمی سوپاسی مامۆستای بەڕێز دەکا بۆ ئەو دیارییە گرانبەهایە کە بە دیاری پێشکەشی‌کردووە، هیوای لەش‌ساغی و تەمەن‌درێژی و ئاسوودەگی و بەرهەمی زیاتری بۆ دەخوازێ و هەر بمێنێ.