ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٤/١٠/٩ خۆشنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێزان سابیر میکائیلی (سنە، کە پلەی ئوستادی لە ئەنجومەنی خۆشنووسانی ئێران پێدراوە)، عەلی حسەینی (سەقز، ئەنجومەنی خۆشنووسان بڕوانامەی مامۆستایەتیی پێبەخشیوە)، ئاوات مەزهەری (مەریوان، پلەی ژوور نایانی هەیە)، کە چەند ڕۆژێک بوو لە سلێمانی بوون و ناوەندی حەوتڕەنگە پیشانگەیێکی خۆشنووسیی لە هۆڵێکی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکە بۆ سازکردبوون، سەریان لە بنکەکەمان دا.
سەرباری باسی کار و ئامانج و ئەرکەکانی بنکە، قسە لەسەر خەمە ڕۆشنبیرییە هاوبەشەکان کرا و دواجار میوانانی بەڕێز بە بینینی کۆکراوەکەی یەکەی دەستنووس و کاری بەشی مشتوماڵدانی کەرەستەی ڕۆشنبیری شادمانبوون.