دیارییەکی بەنرخی خاتوو ڕووناک جەمیل صائیب

بەڕێز خاتوو ڕووناک جەمیل صائیب ئێوارەی سێ‌شەممە ٢٠٢٤/٨/٢٠ نوسخەیێکی ئەسڵیی کتێبی “دووساڵ لە کوردستان، چیرۆکی ئەندازیارێک لە عیراق Road Through Kurdistan- The Narrative of an Engineer in Iraq”ی دانراوی ئارچیباڵد هامڵتۆنی، بە سوپاس و پێزانینەوە، بە دیاری پێشکەشی بنکەکەمان کرد.
ئەم کتێبە کە ساڵی ١٩٣٧ بۆ یەکەم‌جار لە لەندەن لەچاپ‌دراوە، بیرەوەریی هامڵتۆنە سەبارەت بە سەردەمانێک کە خەریکی سەرپەرشتیی لێدان و کردنەوەی ڕێگەی هەولێر – حاجی‌ئۆمەرانی کردووە، کە بە ڕێگەی هامڵتۆن بەناوبانگە. شایانی باسە، دکتۆر عەلی عەبدولڕەحمان عەسکەری کتێبەکەی کردووە بە کوردی و دەزگای موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر ساڵی ٢٠١٣ چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
خاتوو ڕووناک کچی چیرۆکنووس و ڕۆژنامەنووسی گەورە بەهەشتی جەمیل صائیبە و خۆیشی پێشتر لە بواری پەروەردەدا وەک مامۆستا کاری‌کردووە و بیرەوەرییەکی زۆری سەبارەت بە مێژووی بنەماڵە بەڕێزەکەی و شاری سلێمانی هەیە و ساڵانێکیشە لە وڵاتی بریتانیا و لێرەیش دەژی. هیوای لەش‌ساغی و تەمەن‌درێژی و ئاسوودەییی بۆ دەخوازین.