ئێوارەکۆڕێک بۆ “تەئریخی ئیمارەتی سۆران” سازکرا

لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەعات ٦ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠٢٤/٧/٢٧ کۆڕێکی بۆ بەڕێز ئارێز عەبدوڵڵا سازکرد لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناوی ناو بارەگای خۆی، بۆ ناساندن و ڕاگەیاندنی بڵاوبوونەوەی کتێبی “تەئریخی ئیمارەتی سۆران”، دانراوی خودابەخشیو مەلا ئەسعەد خەیلانی، کە سدیق ساڵح و ئارێز عەبدوڵڵا ئامادە و ساغیان کردووەتەوە.

ژمارەیێکی زۆری نووسەر و مامۆستای زانکۆ و سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر ئامادەی کۆڕەکە بوون، کە نووسەری بەڕێز سابیر ڕەشید بەڕێوەی‌دەبرد. ئارێز عەبدوڵڵا باسی بایەخی مێژووییی دەستنووسەکە و چۆنایەتیی ساغکردنەوە و ئامادەکردنیی کرد و پاشتر میوانانیش دەرفەتی قسەکردنیان پێ‌درا.


شایانی باسە، ئەم کتێبە ساغکردنەوەی نوسخەیێکی لە ڕووی نوسخەی ئەسڵی‌دا نووسراوەی دەستنووسێکی مەلا ئەسعەد خەیلانییە، ساڵی ١٩٢٧ بە داوای خودابەخشیو سەیید تەهای نەهریی قایمقامی ئەوسای قەزای ڕەواندز، سەبارەت بە مێژووی میرایەتیی سۆران نووسیویە؛ مامۆستا گیو موکریانیش ئەرکی‌کێشاوە و ئەم نوسخەیەی بۆ ڕەحمەتی دکتۆر جەمال نەبەز نووسیوەتەوە، تا لە ئامادەکردنی دکتۆرانامەکەی‌دا کەڵکی لێ‌وەربگرێ.