ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین”، لە چوارچێوەی هاوکاریی لەگەڵ “ئەکادیمیای کوردی”دا لە هەولێر، ڕۆژانی شەممە – یەکشەممە /١٣/١٢/١١ _ ٢٠٢١/١٢ خولێکی سەبارەت بە زانستی کتێبخانە و چۆنایەتیی تۆمارکردنی سەرچاوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستی بەڕێوەبردنی کاروباری کتێبخانەی بۆ کارمەندانی کتێبخانەی “ئەکادیمیای کوردی” کردەوە. خولەکە، کە بەڕێز جەزا ئەحمەد، مامۆستای پسپۆڕی کتێبخانە و خاوەندی گەواهینامەی (TOT)، بەڕێوەیبرد، سێ ڕۆژی خایاند؛ دوو ڕۆژی تیۆریی لەناو بنکەی ژین و ڕۆژێکی پراکتیکیی لە کتێبخانەی کۆلیجی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی. بنکەکەمان، تۆماری شێوەی تۆمارکردنی کتێب، ڕۆژنامەگەری، تێز و نامەی زانکۆیی، وێنە و دەنگ و ڕەنگ و دەستنووسی پێشکەش بە ئەکادیمیا کرد و بە هیوایە ئەم پێوەندی و هاوکارییەی نێوان هەردوو لا بەردەوامبن بۆ خزمەتی گشتی.