بەڕێوەبەری بنکەی ژین و سەردانی هەندێ دەزگای کولتووریی میسری

ڕۆژانی ١/٢٦ تا ٢٠٢٤/٢/١، کە بەڕێوەبەری بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، بەڕێز ڕەفیق ساڵح، بە سەفەرێکی تایبەتی ئامانجدار لە وڵاتی میسر بوو، سەری لەم دەزگا و لایەنانە دا:
١. پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی قاهیرە و کۆمەڵێک کتێبی بەهاداری کڕی بۆ یەکەی کتێبخانە.
٢. پەیمانگەی دەستنووسی عەرەبی (معهد المخطوطات العربية)، چاوی بە هەر یەکە لە دکتۆر ئەحمەد عەبدولباسط و دکتۆر موراد ئەلڕیفیی بەڕێوەبەری پەیمانگەی ناوبراو کەوت. هەم کار و چالاکییەکانی بنکەیان بۆ ڕوون‌کردنەوە و هەم لەچاپدراوی بنکەیان پێشکەش‌کردن.
٣. ناوەندی ساغکردنەوە و لێکۆڵینەوەی کەلەپووری عەرەبی (مرکز تحقيق و دراسة التراث العربي)ی سەر بە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا. دکتۆر ئەنەس عەتییە فەقێ بەگەرمی پێشوازیی‌کردن و بە هەمان شێوە باسی دەستنووسەکانی بنکە و کارەکانی بواری ساغکردنەوە و پێڕست و دیجیتاڵکردن و نۆژەنکردنەوەیان بۆ کرا و چەند چاپکراوێکی بنکەیان پێشکەش‌کرا. ئەوانیش کۆمەڵێ چاپکراوی خۆیان پێشکەش‌کرد.

٤. کۆمەڵەی میسری بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی (الجمعية المصرية للدراسات التأريخية). پاش بەسەرکردنەوەی کێبخانەی کۆمەڵەی ناوبراو، چاویان بە سەرۆکی کۆمەڵە دکتۆر خەڵەف عەبدولعەظیم سەیید ئەلمیری کەوت، باسی بیرۆکە و مێژووی دامەزراندن و چالاکییەکانی کۆمەڵەیان بۆ کرا. ئاڵوگۆڕی لەچاپدراوی هەردوو لایش کرا.
٥. کێبخانەی ئەسکەندەرییە، بەشی پێوەندیی گشتیی ئەو کتێبخانەیە پێشوازییەکی گەرمی لێ‌کردن و زۆربەی بەشەکانی کتێبخانە و مووزە و بەشی نۆژەنکردنەوە و مشتوماڵدانیان پێ بەسەرکردنەوە. دواتر چاویان بە بەڕێوەبەری کتێبخانە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد زاید کەوت و هەندێ لەچاپدراوی بنکەیان پێ‌دان و ئەوانیش ئەلبوومێکی وێنەی شاری ئەسکەندەرییەیان پێشکەش‌کردن.
٦. دەستەی گشتیی خانەی کتێب و بەڵگەنامەی نەتەوەیی (الهيئة العامة لدار الكتب والوثائق القومية). لەم سەردانەدا تەنیا کتێبخانە تایبەتەکانی بنەماڵەی پاشایەتی و عەباس مەحموود عەقاد و کتێبە دەگمەنەکانیان بەسەرکردەوە.
جێگەی باسە، بەڕێزان کەوسەر محەمەدئەمین قادر، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی و حەمەعەلی محەمەد مەعرووف، بەرپرسی بەشی کتێبخانەی پەروەردە لە یەکەی کتێبخانەی بنکەی ژین و دوو دۆستی‌تر لەو سەفەرەدا بەشداربوون. بەڕێزان نادیە ساڵح و د. جواد جاسم ئەلجەنابی، بە سوپاس و پێزانینەوە- کاریان بۆ ڕێکخستنی ئەو چاوپێکەوتنانە کرد.