ڕێ‌وڕەسمی ڕاگەیاندنی بڵاوکردنەوەی چوار بەرهەمی عەونیی شاعیر

سەعات ٣ی ئێوارەی ڕۆژی ٢٢/ ١/ ٢٠١٩ “بنکەی ژین”، بە هاوکاریی “مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکە”، ڕێ‌وڕەسمێکی بۆ بەڕێز مامۆستا فەرهاد عەونی ڕێک‌خست بۆ دابەشکردنی چوار کتێبی خوالێخۆشبوو عەونیی شاعیر و تایبەت بە زاتە (دوو بەرگی دیوانەکەی و دوو ماستەرنامە سەبارەت بە ژیان و شیعرەکانی). بەڕێز عەبدوڵڵا زەنگەنە، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکە، کۆڕەکەی بەڕێوەبرد. سەرەتا بەڕێز قوبادی جەلی‌زادە چەند شیعرێکی شاعیر و لێکدانەوە و بیرەوەریی خۆی لەبارەیەوە پێشکەش‌کرد. پاشان مامۆستا فەرهاد هاتە سەر باسی بەسەرهاتی دووجار لەناوچوونی دیوانی شیعری عەونی و هەوڵەکانی کۆکردنەوە و ڕزگارکردنی لە فەوتان. لە کۆتاییشدا ١٥٠ دەورەی ئەو چوار کتێبە بە دیاری پێشکەشی میوانانی ئامادە کرا، کە لەو ژمارەیە زیاتر بوون.