لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا
“ڕێکخراوی ئاسیا بۆ کولتوور و هونەر” و “پەیمانگەی فەڕەنسی” و “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” سەعات ٥,٤ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٥/١/٢٣ ڕێوڕەسمێکیان بە ناوی “یادەوەریی کورد لە بەرهەمی هونەرمەندانی فەڕەنسیدا لە سەدەی نۆزدەهەمدا”، پشت بە تێزی دکتۆرای د. بێساران فیرووز حەسەن، لە هۆڵی سینەمای سالم سازکرد؛ خەڵکێکی زۆر لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەران ئامادەیبوون.
جێگەی وتنە، بیست تابلۆی هەڵبژێردراو لە هۆڵی بەردەم سینەمای ناوبراودا ڕێکخرابوو و میوانان سەرەتا ئەو تابلۆیانەیان دەبینی و پاشان دەچوونە هۆڵی سینەما. ڕێوڕەسمەکەیش پێش هەموو شتێک بە وتەیەکی خاتوو فریدریک تارید بەڕێوەبەری ئەنستیتووتی فەرەنسی- هەولێر دەستی پێکرد و بەڕێز دەشتی سدیق، بەرپرسی بەشی کولتووری کردیە کوردی. پاشان دکتۆر بێساران پوختەیێکی سەبارەت بە مێژووی کاری گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسان و هونەرمەندانی ڕۆژاوا گێڕایەوە و ئەمجا هاتە سەر باسی یەکبەیەکی ئەو بیست تابلۆ هەڵبژێرداوەی خۆی کە هونەرمەندانی فەڕەنسە سەدەی نۆزدەهەم لە کاتی سەردانی ناوچەکانی ناو قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی و وڵاتی فارسدا کێشاویانن و زانیاری و سەرنجی ورد و گرنگی لەبارەی ناوەرۆکی تابلۆکانەوە خستنەڕوو. کۆڕەکەیش پتر لە سەعاتێکی خایاند.