بنەماڵەی خودابەخشیو ڕەفیقی مەحموود ئەفەندیی ڕەسام، دواجار قەناعەتیانهێنا کە “بنکەی ژین” باشترین و گونجاوترین شوێنە بۆ دانان و پاراستن و خستنەوەبەرچاوی کۆکراوە فۆتۆگرافییەکەیان، وەک یەکەمین هەوڵی فۆتۆگرافچێتی لە ناوچەی سلێمانی، کە کەموزۆر سەدساڵێک تەمەنیەتی. بەوپێیە ئەم کۆکراوەیە پێشکەشی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” کرا، بەو مەرجە کە بپارێزرێ و ڕێکبخرێ و لە ڕێگەی نیشاندانەوە بخرێتە بەردەست، ئەمەودوایش هەوڵبدرێ چەندین ئەلبوومی تایبەتمەندی وێنەیان لێ ئامادەبکرێ بۆ چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
کەلوپەلەکانی “ستۆدیۆی فۆتۆ ڕەفیق” کە چەند ساڵێک بوو لە دووکانەکەی بەردەرکی سەراوە هێنرابووە نهۆمی زەمینیی خانووەکەی ڕەحمەتی ڕەفیقی مەحموود ئەفەندی لە سەرووی سەرا و نزیکی پارکی دایک (سجنی پێشوو) و لە شێوەی گەلەرییەکدا ڕێکخرابوو و ئامادەکرابوو، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١٠/١٢ بەشێکی دیاری وەک ئامێر و وێنە و مێز و ڕەفە و کورسی و سێپا و کامێرا و شتی وردەیتری گواسترایەوە بۆ “بنکەی ژین”، بەو هیوایە کە عەکس (نێگەتیڤ) و حەوتهەشت تۆماری وێنەکان، پاش وێنەگرتنەوەیان، بە هەمان شێوە بگواسترێنەوە. بەڕێز ڕزگار ڕەفیق ئەم چەند ڕۆژە هاوکارییەکی دڵسۆزانەی نوێنەری “بنکەی ژین”ی کرد و هونەرمەندی ئازیز کاک ڕۆستەم ئاغالەیش هەر لەوەبەتر لە دوو ڕۆژی دواییدا ئەرکی کێشا و نەخشێکی دیاری لە ڕاپەڕاندنی کارەکەدا دی و خەریکیشە هەر خۆی سەرۆکاریی بنیاتنانی ئەو شوێنە تایبەتە بکا کە ئەو کۆکراوە گرنگەی لە نهۆمی سێیەمی “بنکەی ژین” تێدا دادەنرێ و نیشاندەدرێ.
جێگەی باسە، ئەم کۆکراوەیە کە بەرهەمی کاری هونەریی بەتایبەت مەحموود ئەفەندی و ڕەفیقی کوڕیەتی، سەرەتا کوڕانی مەحموود ئەفەندی و پاشان کوڕانی کاک ڕەفیقیش لە درێژیی ئەو ساڵانەدا کاریان تێدا کردووە، گەنجینەیێکی گرانبەهای بەڵگاندنی مێژووی ئەم بەشەی کوردستان بەگشتی و ناوچەی سلێمانیشە بەتایبەتی بە وێنە. کاری فۆتۆگرافچێتیی ئەم بنەماڵە بەڕێزە، کە شەهید محەمەد قودسیی ئەفسەرێکی لەشکری حکوومەتی میللیی کوردستانیش لە مەهاباد ڕۆڵەیەکیەتی، تەنیا دابینکردنی بژیوی ژیان نەبووە بەهۆی ئەم پیشەیەوە، بەڵکوو هەوڵدانێکی دووربینانەی شارستانیش بووە بۆ بەڵگاندنی زۆر دیوی ژیان و چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیریی بەتایبەت ناوچەی سلێمانی لە ڕێگەی وێنەوە. لەبەرئەوە ئەم کۆکراوەیە بایەخێکی گەورەی مێژوویی و کەلتووریی هەیە.
ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەکەمان، وەک شادمانە کە شەرەفی وەرگرتن و پاراستنی ئەم گەنجینەیەی پێسپێردراوە، لای خۆیەوە بە گەرمی سپاسی ئەم بنەماڵە ڕێزدارە دەکا و بەڵێندەدا چیی پێ بکرێ بۆ بەڵگاندنی مێژووی تەقەلای شارستانییانەی ئەم بنەماڵەیە و نیشاندانی بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانیان لەم بوارەدا، بیکا. دروود بۆ گیانی پاکی کۆچکردووانی ئەم بنەماڵەیە و لەشساغی و ئاسوودەیی و تەمەندرێژیش بۆ زیندووەکانیان.