کۆڕێک سەبارەت بە “زیرەکیی دەستکرد و بەکارهێنانی لە بواری ئەرشیف‌دا”

بنکەکەمان سەعات ١٠ی تاقی بەیانیی ڕۆژی یەک‌شەممە ٢٠٢٥/١/٥ کۆڕێکی بۆ بەڕێز دکتۆر ڕەوا هەژار، خاوەنی دکتۆرا لە فیزیای ماتماتیکی و ماستەر لە زیرەکیی دەستکرددا، سازکرد، کە جگە لە کارمەندانی بنکەی ژین، سێ نوێنەری بەڕێزی ‘ناوەندی کوردستان بۆ دیکۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی’ و ڕێزدار بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، بەشدارییان تێدا کرد.
کۆڕەکە کە سەعاتێک‌ونیوی خایاند، دکتۆر ڕەوا زانیارییەکی گشتیی لەبارەی بایەخی زۆر و ناچاریی زیرەکیی دەستکرد و پێویستیی کەڵک‌لێ‌وەرگرتن و بەکارهێنانیەوە لە بواری کاری ئەرشیفی‌دا تێدا پێشکەشی بەشداران کرد، بەو هیوایە کە دەزگا تایبەتمەندەکانی کوردیش دوانەکەون و بتوانن -وەک گەلانی وریا و چالاک- بەزوویی سوود لەم دەسکەوتە تەکنۆلۆجییە گرنگە ببینن؛ گفتیشی دا -بە سوپاس و پێزانینەوە- ئەمەودوا هەر هاوکارییەکی لەم ڕووەوە پێ‌بکرێ، درێغی‌نەکا.