کۆچی‌دواییی دکتۆر قارەمان

دکتۆر قارەمان نادر محەمەد شێخ‌بزێنی، مامۆستای زانکۆی کۆیە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٩/١٦ پاش ململانێیەکی شەش‌ساڵە لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، گیانی سپارد.

بەڕێزیان هەر لەوکاتەوە کە بە قوتابیی خوێندنی ماستەر وەرگیرا، پێوەندیی لەگەڵ بنکەکەمان پەیداکرد و بۆ دکتۆراکەیشی بنکەی ژین بووە سەرچاوەیێکی گرنگی کارەکەی. تەنانەت پاشتریش ڕاوێژی بە بەڕێوەبەرانی بنکە دەکرد بۆ دیاریکردنی بەشێک لەو بڕوانامانە کە لە زانکۆی کۆیە بۆ خوێندنی باڵا دەست‌نیشان دەکران. بەڕێزیان پیاوێکی چالاکی لەخۆبوردووی کارامەی خەمخۆری خەڵک بوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا بەگشتی و زانکۆی کۆیە بەتایبەتی، بەم کۆچە مامۆستایێکی گەورەی هەڵسووڕاوی خۆی لەدەست دا.

ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین نیگەرانن بە کۆچی یەکجاریی ئەم زاتە و سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و دۆستان و هەمووان دەکەن و هیواخوازن ئەمە دوایین کۆستی ئەم بنەماڵە بەڕێزە بێ و گیانی کۆچکردووش شادبێ.

جێگەی باسە، پ.ی.د. قارەمان نادر محەمەد شێخ‌بزێنی، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی عەمدۆنی ناحیەی شوانی پارێزگای کەرکووک لەدایک‌بووە. بڕوانامەی دیپلۆمی لە پزیشکی و بەکالۆریۆسی مێژوو و ماستەری لە مێژووی ئیسلامی (زانکۆی کۆیە) و دکتۆرای لە مێژووی سۆفێتی (زانکۆی کۆیە) هەبوو. خاوەنی ١٠ دە کتێبی لەچاپدراوە و پتر لە ٢٠ بیست توێژینەوەی زانستیشی بڵاوبووەتەوە.

ئەم دوایییە ڕێکخراوێکی بە ناوی “ڕێکخراوی دکتۆر قارەمان”ەوە دامەزراند بۆ بەرەنگاریی نەخۆشیی شێرپەنجە. ئەندامی چەند سەندیکا و ڕێکخراوێکی پیشەییش بوو. بەداخەوە کە کۆچەکەی ناوادە بوو و زوو بەجێی‌هێشتین، یادی بەخێر.