کتێبی “گزنگی شۆڕشی نوێ تفەنگە بێ‌دەوڵەتەکان لە داوی نێودەوڵەتی‌دا”

کتێبی “گزنگی شۆڕشی نوێ: تفەنگە بێ‌دەوڵەتەکان لە داوی نێودەوڵەتی‌دا” دانراوی بەڕێز خاتوو ئەمیرە محەمەد بە چوار بەرگ بڵاوبووەوە و دەورەیێکی بە دیاری لێ پێشکەشی یەکەی کتێبخانەی بنکەکەمان کرا.

کتێبەکە بریتییە لە چاوپێکەوتن و بیرەوەریی ٢٠٠ کەس لەوانەی وا بەشداریی چالاکییەکانی سەرەتای شۆڕشی نوێ بوون، بەسەرهاتی ڕۆژگارێکی مێژووی هاوچەرخمانە لە زمانی شایەتحاڵ و بەشدارانی ڕووداوەکان خۆیانەوە. بوارێکی هەرە گرنگی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە کە بەداخەوە فەرامۆش‌کراوە و تاکەتاکەیێک نەبێ، کاری تێدا ناکەن، مێژووی زارەکییە، لە کاتێک‌دا بۆ کورد کە خاوەنی ئەرشیف و کۆکراوەی دەوڵەمەندی ڕابوردووی خۆی نییە و مێژووەکەی زۆر بە کەمی نووسراوەتەوە، زیاد لە هەر گەلێکی‌تر، ناچاریتر و پێویستترە؛ لەبەرئەوە هەر کارێک لەم مەیدانەدا بکرێ، جێگەی دەست‌خۆشی و ڕێزلێنانە. هەرچەندە هەڵدانەوەی بەشێکی لاپەڕەکانی ڕابوردوومان، کولاندنەوەی برین و بیرهێنانەوەی ڕووداوگەلی ناخۆش و دڵتەزێنە، بەڵام بەڵگاندنیان و تۆمارکردنیان بە شێوەیێکی ڕاستگۆیانە و بە ئەمانەتەوە بۆ مێژوو پێویستە، تا ئەمەودوا بە عەقڵییەتیکی نوێی شارستانییانەوە دەرس و پەند لە هەڵە و کەم‌وکورتییەکانی پێشوومان وەربگرین و دووپاتیان‌نەکەینەوە؛ کە ئەوەیش وەزیفەیەکی سەرەکیی مێژووە.
خاتوو ئەمیرە، پێشتریش کۆمەڵێک کاری بەڵگەنامەداری بڵاوکراوەی لە بواری زیندووکردنەوەی لاپەڕەکانی ئەم مێژووەدا هەبووە، بۆیە شایانی سوپاس و ڕێزگرتنە و هیوای بەرهەمی زیاتر و بەردەوامیی بۆ دەخوازین.