ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٥/٢٧ بەڕێز مامۆستا ئەنوەر عەبدولڕەحمان فەتاح، یەکێک لە مامۆستا دیارەکانی بواری پەروەردەی پارێزگاکەمان، بەرگێکی کتێبی “ئەرشیفی پەروەردەیی”ی خۆی کە سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی خۆیەتی بە بەڵگەی نووسراوەوە لە ماوەی کارکردنیدا وەک مامۆستا و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتی پەروەردەیی لە پەروەردەی سلێمانی ئامادەیکردووە، بە دیاری پێشکەشی بنکەکەمان کرد. کتێبەکە پێکهاتووە لە:
– نووسین و بیرەوەرییەکانی لە ژیانی پەروەردەییدا، کە ساڵانی ١٩٩٣-٢٠٠٥ بڵاویکردوونەوە.
– زانیاری و ئاماری پێویست کە سەبارەت بە ساڵانی خوێندنی ٢٠٠٩-٢٠١٠، ٢٠١٠-٢٠١١، ٢٠١١-٢٠١٢ ئامادەیکردوون.
جێگەی باسە، بەڕێزیان ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی مەڵکەندیی شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە. ١٩٦٠ قۆناغی سەرەتایی و ١٩٦٦ قۆناغی ئامادەیی و ١٩٦٨ پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی تەواوکردووە. لە ١١/٣/١٩٦٩دا دامەزراوە بە مامۆستا و لە قوتابخانەکانی نەمەڵ و چنارە و بەڕێوەبەرێتیی نەهێشتنی نەخوێندەواری و فێرکردنی گەوران و کانیگۆران و هەرەوەز و هەوری و کانی و دواجار وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەییش ئەرکی گەورە و وەزیفەی دیوە. ٢٠١٢/٧/١ خانەنشینبووە.
مامۆستا ئەنوەر نموونەی مامۆستای دڵسۆز و پەرۆش و پابەندی بنەما ئەخلاقییەکانی پەروەردە بووە و ساڵانی وەزیفەی، خزمەتێکی کەموێنە و لەخۆبوردووانەی کردووە، تەمەنی درێژ و لەشی ساغ و ئاسوودەییی بۆ دەخوازین.