بنكە، سەعات 4ی ئێوارەی ١٥\٤\٢٠١٧ ڕێوڕەسمێكی بۆ ڕاگەیاندنی بڵاوبوونەوەی هەردوو بەرگی بیرەوەریی (ڕۆژگارم ئاوا تێپەڕاند) و ئەلبوومی وێنەی (ژیانێك لە وێنەدا)ی مامۆستا فەرهاد عەونی لە (هۆڵی پیرەمێرد)ی ناو تەلاری ژین سازكرد. سەرەتا سدیق ساڵحی كۆڕگێڕ بەخێرهاتنی میوانانی كرد و ڕوونی كردەوە ئەنجومەنی بنكە شەرەفمەندە ئەم ئەركەی گرتووەتە ئەستۆ، چونكە بیرەوەری و مێژووی زارەكی، مەسەلەیەكی جێگەی بایەخ پێدانیەتی و لەو ڕووەوە كۆمەڵێك كاری بە ئەنجام گەیاندووە. ئەمجا میوانان دەقیقەیەك بۆ ڕێزنان لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كورد و كوردستان وەستان. دوابەدوای ئەوە مامۆستا مستەفا ساڵح كەریمی دۆست و ئاشنای نزیكی فەرهاد عەونی، وتەیەكی لە بارەی ژیان و ئەم بەرهەمانەیەوە پێشكەش كرد. مامۆستا فەرهادیش لە نۆرەی خۆیدا بە وردی لەم بەرهەمانە و چەند وێستگەیەكی گرنگی ژیانی خۆی دووا. لە كۆتاییشدا، بەرهەمەكان بە دیاری پێشكەشی میوانان كران. ئەمە و ڕێوڕەسمەكە پتر لە سەعاتێكی خایاند.