ڕێ‌وڕەسمی ناساندن و ڕاگەیاندنی بڵاوبوونەوەی کۆبەرهەمی مەسعوود محەمەد

ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری، سەعات ١٥,٣ی ئێوارەی شەممە ٢٠٢٣/١٢/١٦، ڕێ‌وڕەسمێکی لە هۆڵێکی ئوتێل های‌کریست ڕێک‌خست بۆ ناساندن و ڕاگەیاندنی بڵاوبوونەوەی بەشی کوردیی “کۆبەرهەمی مەسعوود محەمەد” کە لە ١٢ بەرگ‌دا ئامادەی‌کردووە و بەڕێز ڕێواس فایەقی سەرۆکی پەرلەمان خەرجیی لەچاپدانیی کێشاوە و بەڕێوەبەرانی سایتی مامۆستایش بە خستنە بەردەستی تایپکراوی هەموو بابەتەکان‌دا، هاوکارییان‌کردوون.
لەو کۆڕەدا کە نزیکەی ٦٠-٧٠ ڕۆشنبیر و کەسانی پێوەندیداری تێدا بەشداربوون، بەڕێز تۆفیق کەریم قسەی سەبارەت بە وردەکاریی پڕۆژەکە کرد و هیوای خواست بەشی عەرەبیی بەرهەمەکانی ئەو زاتەیش لە داهاتوویەکی نزیک‌دا بە ئامادەکراوی بخەنە کتێبخانەی کوردییەوە. پاشان سدیق ساڵح، وتەیێکی لەبارەی مامۆستا مەسعوود محەمەد خۆی و بیری سیاسیی و کارەکانیەوە پێشکەش‌کرد. دواجار هەر یەکە لە میوانەکان دەورەیێکی تەواوی کۆبەرهەمەکەیان بە دیاری پێ‌درا.