ڕێزنان لە پسپۆڕێکی بواری چاپ

ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٤ بنکەی ژین ڕێزی‌نا لە بەڕێز ئاریان لەتیف قەرەداخی، کە پسپۆڕێکی بواری چاپە لە سلێمانی، بۆ ئەو خزمەت و لەخۆبوردنە زۆرەی کە ماوەی ڕابوردوو نیشانی دان لە هێنانی مەکینەکانی چاپی چاپخانەکانی ژین، کامەرانی، ڕاپەڕین و دواجاریش کاکەی فەلاح‌دا و پاشان خاوێنکردنەوە و ڕیکخستن و دامەزراندنیان لە ژووری تایبەت بە “مۆزەخانەی چاپ لە سلێمانی، کە پار بە سەرپەرشتی خۆبەخشانە و بیرۆکەی هونەرمەندی توانا بەڕێز ڕۆستەم ئاغالە لە بنکەی ژین کرایەوە. جێگەی گوتنە، لە لایەکەوە ئەم کارە بەڕێز مامۆستا سەپان (سەید عەبدولحەمید حوسێنی) نەخشی تێدا هەبووە و لە لایەکی‌ترەوە، کاک ئاریانیش هەم خۆی لە پسپۆڕە دەگمەنەکانی بواری چاپە لە سلێمانی و هەم کوڕی خودابەخشیو شێخ لەتیف قەرەداخی‌یە، یادی بەخێر، کە ئەویش -هەر لەوەبەتر- کارمەندێکی کۆنی چاپخانە بووە لە سلێمانی و هەر لە چاپخانەی “ژین”ی پیرەمێردەوە، لە زۆری چاپخانەکانی شاردا کاری‌کردووە و ئەم نەریتە شارستانییە لەوەوە بۆ کوڕەکەی ماوەتەوە.